کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ڕۆژی دامەزرانی یەکەم دەوڵەتی مودێڕنی کوردی، لە گوندەکانی ژاوەرۆی سنەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕێبوارانی ڕێبازی قازی کراوە.
سڵاو لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان
سڵاو لە خاکی پیرۆزی کوردستان
سڵاو لە گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی کوردستان
سەدان ساڵە نەتەوەی کورد، لە پێناو نیشتمان و خاکی کوردستان خەبات دەکات و لەو ڕێگا پیرۆزە خوێنی ڕۆڵە بەشەرەفەکانی خۆیان فیدا دەکەن، شۆڕشەکانی شێخ عەبیدوڵڵا نەهری، سمکۆ، شێخ مەحموود، شێخ سەعید پیران، نموونەیەک لەو شەۆڕەشانەن کە بۆ ئازادی کوردستان سەریان هەڵداوە.
لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۲۴هەتاوی، لە مەهاباد کۆماری کوردستان بە دەستی حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، ئەوە بوو بە یەکەمین کۆماری کوردستان، کە خاوەنی ئاڵای پیرۆز و دەوڵەت و سەرکۆمار و هێزی نیزامی بەناوی پێشمەرگە کە لە کوردانی دیکەی پارچەکانی کوردستان وکوو: بارزانی نەمر بەدی هاتبوو، ئەو کۆمارە پیرۆزە وکوو: خۆرەتاوێک تیشکی خستووەتە نێو دڵی هەموو کوردانی بەشەرەف و ئازادیخوازی کوردستان، کە کەسایەتیی زۆر ژیر و زانا وکوو: مەلا ئاوارە و سلێمان موعینی و دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید لەو ڕێگایە خوێنیان ڕژا و شەهید بوون، ڕێگایەک کە هەرگیز ون نابێت. بەندیخانەکان شەرمەزاری شەهامەت و ڕوومەتی کاک محەممەد نەزەری، عوسمان مستەفاپوور، والی دروودی و عومەر ئیمامی و هەزاران قوتابی دیکەی قازی محەممەدن. خاکی کوردستان، بە خوێنی هەزاران ناسر سەلیمی و خدرە سوور و سەروان حاتەم و هەمزە بێنام و ناسر و مەنسووری ڕەشە هەورامی و حیسام کەسنەزانی و ئەسعەد موقەدەسی ڕەنگین کراوە، ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بەدی دێن. ئەو ڕێگایە درێژەی هەیە چۆنکە کاکۆی سنەی خوێناوی، کاوەی باڵابەرز و سەرکەوتی فەرماندە و شێرەکوڕەکانی نییەری قەڵای دێموکرات، لە کۆساڵان حەماسە دەخۆلقێنن و لە قەرەسەقەل فەرماندە کەماڵ و جەماڵ و هاوڕێیانیان، قازییەکان دڵخۆش دەکەن، کە قوتابیانیان زۆر جێگای مەتمانەن، چون ڕاسانی دێموکرات بەڕێوەیە، دوژمن تۆقیوە، تەنانەت لە تەرمی پیرۆزی شەهیدانی قوتابخانەی قازی محەممەد دەترسێت.
بەڕاستی ٢ی ڕێبەندان لە مێژووی کوردستان، هەتاهەتایە جێژنێکی پیرۆز و جوان و ڕازاوەیە و لەبیرنەکراو.
ئێمە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژاوەرۆ (نییەر و مێراو، تەنگیسەر وئەوێهەنگ و هوویە و سەرهوویە و گوندەکانی دیکە) ئەم جێژنە لە ئازادیخوازەکانی جیهان و کوردستان و بنەماڵەی زۆر گەورەی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆزبایی دەکەین و داوا دەکەین دوو باڵی دێموکرات یەک بگرنەوە، با دڵی هەموومان شادتر بێت و ناحەزان و دوژمنان ڕیسوا ببن.
هەر پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان، گلێنەی چاوی هەموو کوردستان.