کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی وڵاتانی ناوچە بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان کرد

17:43 - 19 جۆزەردان 2720

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا هەتا ئاستیک پێش چووە کە خەڵکی ئەو وڵاتانە بەرانبەر بە حزووری هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیەدا خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، خەڵکی وڵاتی "لوبنان" دەستیان بە خۆپیشاندان بەرانبەر بە حزووری هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا کرد.

دروشمی خۆپیشاندەران لەو خۆپیشاندانانەدا دژ بە "حەسەن نەسروڵڵا" سەرکردەی گرووپی تێرۆریستیی "حیزبوڵڵای لوبنان" بووە و داوای چەک‌کردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی "ئەمەلـ"ـیان کردووە.

لەو خۆپیشاندانانەدا هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.

هەروەها لە عێراقیش خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران دەستی پێکردووەتەوە و لە نێوان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا و خەڵکی خۆپیشاندەر شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

ئەو خۆپیشاندانانە لە شارەکانی "نەجەف" و "بابل" هاتووەتە ئاراوە و خۆپیشاندەران دژ بە ڕێژیمی ئێران دروشمیان داوە.

لە خۆپیشاندانەکانی "نەجەفـ"ـدا میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستیی قودسی کە لقی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانە، بە چەکی گەرم هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام و لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆیدا هەوڵی داوە خۆی بخزێنێتە نێو کاروباری سیاسی و ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێزەکانی خۆی لەو وڵاتانەدا جێگیر کردووە، کە ئەوەش بە مەبەستی هەناردەکردنی شۆڕش و پیکهێنانی هیلالی شیعی بووە.

لە ئێستادا کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەی وەزاڵە هێناوە و خەڵک بە خۆپیشاندان هەوڵی وەدەرنانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانە دەدەن.