کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی "پاوە" بەنیسبەت کەمیی ئاو ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:37 - 17 جۆزەردان 2721

ئەمساڵ بەهۆی بارینی کەم لە کوردستان کێشەی کەمئاوی و بێئاوی بەرۆکی خەڵک، بەتایبەت وەرزێڕان و ئاژەڵدارانی گرتووەتەوە.

هاووڵاتییان لە شاری "پاوە" باس لەوە دەکەن کێشەی کەمئاوی و بێئاوی بووەتە هۆی ئەوەیکە باخ و زەوییە وەرزێڕییەکان لەنێو بچێت و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم لەو کێشەیە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی کێشەکان نەدراوە.

هاووڵاتییان ڕایانگەیاندووە کە "پەرویز ئیدە پوور" فەرمانداری "پاوە" تەنیا وادە و بەڵێنی بە خەڵک دەدات و ئیتر لە قسەکانیان ماندوو بووینە.

دانیشتووانی گوندی "کێمنە" باس لەوە دەکەن کە فەرماندار دەڵێت کێشەی کەمئاوی لە "پاوە" زۆر جیددیە؛ بەڵام بۆ ئاگاداریی ناوبراو ئێمە خەڵکی ئەو گوندە دوو کانیی گەورەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە بەڵام بەداخەوە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی کاربەدەستەکان خەریکە وشک دەبێت.

هاوکات دانیشتووانی ئەو گوندە باس لەوە دەکەن کە باخاتی ئەو گوندە سەرچاوەی داهاتیانە بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەریی گونجاو بۆ ئاودێریکردن خەریکە باخەکان لەنێو دەچێت.

خەڵک ڕایانگەیاندووە کە دۆخی ئاوی خواردنەوە لە شاری "پاوە" و باقی شارەکانی دیکەی کوردستان زۆر مەترسیدارە و کەسیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێت و چاوەڕوانیی ئەوەشیان هەیە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەین.