خەڵکی "پاوە" بۆ ڕێزگرتن لە ماندووبوون و گیانبازیی سێ شەهیدی ژینگەپارێزی کوردستان ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕ، خەڵکی نیشتمانپەروەر و ژینگەپارێزانی پاوەیی بۆ بەرز نرخاندن و ڕێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوون و گیانفیدایی شەهیدانی ژینگەپارێز: "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی"، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان لە جادەی "کەمەربەندی" لە بەرامبەر شاری پاوە بەڕێوە برد.
لەو ڕێوڕەسمەدا بە دانانی وێنەی شەهیدان و تاجەگوڵینە، وەفاداری و ئەمەگناسی خۆیان بە ڕێبازی نیشتمانپارێزی و وڵاتپارێزیی شەهیدانی ژینگە نیشان دا و خۆیان بە درێژەدەر و ڕێبواری ڕێگەی نیشتمانپەروەریی ئەوان ناوبردووە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە چەند شارێکی دیکەی کوردستان وەک شارەکانی "سنە، مەریوان، سەقز، دیواندەرە، بانە و جوانڕۆ" یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرتووە.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.
ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "بۆزین و مەرەخێڵ"، تووشی ئەو ڕووداوە بوون و سەرئەنجام لە گەمارۆی ئاگردا گیانیان فیدای خاک و ژینگەی کوردستان کرد.