ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدان و پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو شار و گوندانەی کە چالاکییان تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "ئیلام، سەقز و پیرانشار".
لە پیرانشاری سەربەرزەوە، لە: ''کۆنەلاجان، زێوە، گەزگەسک و کاسوورەدێ''، لە مزگەوت و قوتابخانە و ڕێگای ئەو گوندانە چالاکیی تەبلیغی کراون.
هەروەها لەو شوێنانە لەسەر مزگەوت ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵدراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا لە سەقز، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.
لە ئیلامی دێرین، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدان دووپات کردەوە.
بلوارەکانی: ''ئیمام، پاسداران و چوارڕێیای جمهووری'' و دەوروبەری مزگەوتەکانی: ''نەبی، جامع و قائم''، ئەو شوێنانەی شاری ئیلامە کە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغیی تێدا ئەنجام دراوە.
لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی، ''پێشەوا قازی محەممەد''، سەرۆک کۆماری کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ ''سەدری قازی'' و ''سەیفی قازی'' لە چوارچرای مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە لەسێدارە دران.
لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا، ١٠ی خاکەلێوە بە ڕۆژی شەهیدانی کورستان ناودێر کرا.