خەڵکی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی خۆڕسک و لەسەر ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەهانای ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ''خۆی و سەڵماس'' دەچن و کەلوپەل و پێداویستیی سەرەتاییان بۆ ئەو ناوچانە بردووە.
خەڵکی گوندی قاسملوو سەر بە ورمێ، یارمەتی و پێداویستییان کۆ کردووەتەوە و ڕەوانەی ئەو ناوچانەیان کردووە.
ئەم یارمەتییانە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم هیچ یارمەتییەکی به خەڵکی لێقەوماو نەداوە و خەڵک بۆ خۆیان لە شارەکانی دیکەوە بە هانای ئەم خەڵکەوە چوونە.
پێشتریش لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک: "شنۆ، مەهاباد، مەریوان، نەغەدە، زێوەی مەرگەوەڕ" و چەند شاری دیکە، بۆ ئەو ناوچانە یارمەتی کۆ کراوەتەوە.
ئەم جۆرە بەهاناچوون و یارمەتی گەیاندنانەی خەڵکی کوردستان بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و ئەزگلە و سەلاسی باوەجانی و لافاولێدراوانی لوڕستانیش لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە چووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشەمە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ ڕیشتەر، شاری ''خۆی و سەڵماسـ''ـی هەژاند کە زەرەر و زیانێکی ماڵی و گیانیی زۆری بەدواوە بوو.