کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیمان لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان، نوێ دەکەنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارەکانی کوردستان، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و بەرزڕاگرتنی یاد و ڕێبازی شەهیدان، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان پەیمان نوێ دەکەنەوە.
ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ١٢ و ١٣ی خاکەلێوە، تێکۆشەرانی دێموکرات، لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان لە چەند گوندی سەر بە شاری مەهاباد وەک: "سەرڕێگای گوندی ئوزندەرێ" و "گردەبەردان" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە بەڕێوە بردووە و لەو چالاکییەدا ڕایانگەیاندووە: "لە هەر خۆشی و ناخۆشییەکدا شەهیدانمان لەبیر ناکەین و ڕێی شەهیدان بەر نادەین، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا ئاخرین دڵۆپی خوێنمان درێژەدەری ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدان دەبین".
هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە کۆساڵانی حەماسەخولقێنەوە، پەیمان لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی پڕسەروەری شەهیدان و سوورخەڵاتانی کوردستان نوێ دەکەنەوە و بە چالاکیی بەرینی تەبلیغیی، لە ناوچەکانی "مەریوان و ژاوەرۆ و هەورامان" لە گوندەکانی: "شامیان، نسڵ، گۆشخانی، کەڕاوە، ڕەزاو، مازیبن، سەوڵاوا، دوڕۆ، ئەحمەدئاوا و خانەگا"، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
هەر لەو پەیوەندییەدا، چاونەترسانی دێموکرات لە بۆکان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان لە ناوچەی "چۆمی مەجیدخان"، لە گوندی "عەلیئاوا"، بەرامبەر شارەدێی "قەرەگۆل"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە و هەروەها لە "مەحموودئاوا"ی بۆکان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شوێنە بەرزەکاندا و لەسەر ڕێگای هاتووچۆی خەڵکی ناوچەکە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانیان یاد کردەوە و پەیمانیان لە گەڵ ڕێگا و ڕێباز و ئامانجی شەهیدان نوێ کردەوە.