کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان بەهانای بومەلەرزەلێدراوانی کوتۆلەوە دەچن

10:21 - 7 رەشەمه 2719

دوای بومەلەرزەکەی ناوچەی کوتۆل لە پارێزگای ورمێ کە خەسار و بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهانای لێقەوماوانەوە چوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی ناوچی کوتۆل، لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کەمپەینی خەڵکی ڕێک خراوە.

لەم کەمپەینانەدا، کەلوپەلی پێویست وەک خواردن، جلوبەرگ و کەرەستەی خۆگەرمکردنەوە کۆ کراونەتەوە.

لە شارەکانی پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستانیش ئەم کەمپەینانە ڕێک خراون و یارمەتیی خەڵکی کۆ دەکەنەوە.

هەروەها تیمگەلێکی فریاکەوتن لە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی سڤیل لە شار و ناوچەکانی "مەریوان، زێوەی مەرگەوەڕ، ورمێ و شنۆ و..."، بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە لێقەوماوان، ڕەوانەی ناوچەی کوتۆل و دەوروبەری کراون.

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کە ڕووداوی سروشتی لە کرماشان و لوڕستان خەساری گیانی و ماڵیی زۆری لێکەوتەوە، خەڵکی کوردستان وێڕای ئەو هەموو کێشە ئابوورییەی کە وڵاتی تەنیوە، بە هەموو توانایانەوە بەهانای خەڵکی خۆیانەوە چوون.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران یارمەتیی خەڵکی لێقەوماوی نەدا و هێشتاکە خەڵکانێکی زۆر هەن کە لەنێو کانێکسدا دەژین. وێڕای ئەمانە ڕێژیم هەمیشە لەبەردەم یارمەتییە خەڵکییەکاندا کۆسپی دروست کردووە.