کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان توانایی کڕینیان نەماوە

12:55 - 19 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان لە گرانیی کەلوپول و پێداویستییەکانی ژیان دەناڵینن و دەڵێن، گرانی بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتوانین بۆ نەورۆزی ئەمساڵ هیچ شتێک بکڕین.

بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە هەواڵدەریی حکوومەتیی فارسدا بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی شاری سنه لە گرانیی کەلوپەل و بێکاری دەناڵێنن و دەڵێن: گرانی و نەبوونی داهات لە ئاستێکدایە که توانایی کڕینمان نەماوە و تەنیا لە بازاڕەکاندا دەگەڕێین و چاو لە شتەکان دەکەین.

بە وتەی دووکاندارەکانی شاری سنە، بازاڕی فرۆش لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵ و لە بەرەبەری نەورۆزدا دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بە شێوەیەک کە هەندێکیان ئاماژه به دابەزینی زیاتر له ٦٠ لەسەدیی  فرۆشی خۆیان لە مانگی ئاخری ساڵدا دەکەن.

یەکێک لەم دووکاندارانە دەڵێت: خەڵکێک که ناتوانن زگیان تێر بکەن چۆن ئەتوانن بیر بەوە بکەنەوە کە کەلوپەلی نوێ بۆ ماڵەکانیان بکڕن و لە بیری گۆڕینی دێکۆراسیۆنی نوێ بۆ ماڵەکانیان بن.

هاووڵاتییان وێڕای ئاماژه بە گرانی، باس لە بێکاربوونی منداڵەکانیان دەکەن کە بە هەبوونی ڕادەی خوێندەواری لە ئاستی سەرەوەدا هێشتا کاریان دەست نەکەوتووە ؛ ئەوان هەروەها، باس لە جیاوازی نرخەکانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ دەکەن و دەڵێن: بەرپرسان و ئاغازادەکان بێن و بزانن ئایا خەڵک دەتوانن پێداویستییەکانی نەورۆز و ساڵی نوێ بکڕن ؟

لەم ڕاپۆرتەدا خەڵک باس لەوە دەکەن کە گرانی و بێکاری بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لە بەرانبەر بنەماڵەکانیاندا شەرمەزار بن.

گرانی، دابەزینی نرخی ئەرز و نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین هۆکارەکانی درووستبوونی ئەم حاڵەتەن کە خەڵکی کوردستان لە بەرەبەری ساڵی نوێدا لەگەڵیان بەرەوڕوو بوونەتەوە.