کوردستان میدیا: پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی سیاکێوی شنۆ، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستان خوشحاڵی خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش زەبروەشاندنی سەرکەوتووانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە داگیرکەرانی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەی شنۆ و هەروەها وەدرۆخستنەوەی ڕاگەیەندراوەکانی ڕێژیم کە باسیان لە شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب کردبوو، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆری وەک بڵاوکردنەوەی شیرینی و ناردنی پەیام بۆ حیزب خوشحاڵی خۆیان لەم سەرکەوتنە دەربڕی.
بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و پێشمەرگەکانی شار لە نێوخۆی وڵات لە شارەکانی پیرانشار، سەقز، مەریوان، شنۆ و سنە بە ناردنی پەیام خوشحاڵی خۆیان دەربڕیوە و وێڕای دووپات کردنەوەی پەیمان لەگەڵ "شاخ" ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ جارێکی دیکە بەمەبەستی ڕاپەراندنی ئەرک و مەئمووریەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان راگەیاند.
ئەم هەواڵە هەروەها دەنگدانەوەی بەرچاوی لەنێو دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو و چالاکانی سیاسی و هاووڵاتییانی کوردستان بە شاگەشکەییەوە باسیان لەم سەرکەوتنەی هێزی پێشمەرگە و شکستی ڕێژیم دەکرد.
هەروەها هەواڵی ئاماژەبۆکراو لە نێو بەشێک لە میدیا ناوچەیی و جیهانییەکانی وەک یورونیوز، دۆیچەوێڵەی ئاڵمان، ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، ڕادیۆ زەمانە و میدیا کوردییەکان ڕووماڵ کرا.