کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان خۆیان یارمەتی بە هەژاران دەگەیەنن

12:13 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ویجهەی مەزهەبی و ئیسلامیی خەڵکی ئیران و کوردستان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بە بڵاوکردنەوەی "تەلیس" بە نێو جووتیاراندا و لە ڕێگای دامەزراوەکانی خۆی وەکوو شۆرا و دێهیارییەکان، بە ناوی زەکات گەنم و جۆ لە وەرزێڕەکان وەردەگرێت و ئیدەعا دەکات به سەر فەقیر و هەژاراندا دابەشی دەکات.

ئەگەرچی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان یارمەتی بە خەڵکی لێقەوماو و هەژار دەدەن، بەڵام باوەڕیان بە ڕێژیم نییە کە زەکات و یارمەتییەکان لە لایەن ڕێژیمەوە بە خەڵکی هەژار بدرێت.

هاوکات لەو چەند ساڵەی دواییدا، بە دوای مێهروەرزیی خەڵک بۆ لێقەوماوانی ڕووداوە سروشتییەکان کە بەسەر خەڵکی ئێران و کوردستاندا هات، خەڵکی مرۆڤدۆستی ئێران و کوردستان بە هەموو توانای خۆیانەوە یارمەتیی لێقەوماوانیان دا.

خەڵکی کوردستان و ئێران لەو باوەڕەدان کە هیچکات هاوکارییەکانیان، وەک باقیی هاوکارییەکانی دیکە، لە لایەن ڕێژیمەوە به دەستی لێقەوماوان و هەژاران ناگات.

خەڵکی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە متمانەیان بە ڕێژیم نەماوە، بۆ خۆیان و بە شێوەی سەربەخۆ، سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان، هاوکاریی هەژاران دەکەن.