کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان لە دژەگەندکردنی خۆبەخشانەی شار و گوندەکان بەردەوامن

13:02 - 5 خاکەلێوه 2720

خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان بە هاوکاری و یەکڕیزییەوە، لە دژەگەندکردن و دابڕگەکردنی شار و گوندەکان بۆ پێشگرتن بە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامن.

لە درێژەی هەوڵەکانی خەڵکی کوردستان بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەڵکی گوندی "سەرهوویە"ی ژاوەرۆ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان و لاوانی گوندەکە، خەریکی پارێزگاریکردن لە خەڵکی خۆیانن.

هەروەها ڕێگاکانی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی ئەو گوندەیان بەستووە و ناهێڵن ئەو ماشینانەی کە خواردەمەنییان پێیە بچنە نێو گوندەکەوە و ئەو خواردەمەنی و کەرەستانەش کە بۆ دووکانەکان دێن، دژەگەندی دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆڵان و شەقامەکانی گوندەکانی: "میانە سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزان لە نێوان سنە و مەریوان، گوێزە کوێرە و ئەسراوا سەر بە مەریوان و ڕەزاو سەر بە سەوڵاوا"، لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانەوە بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دژەگەند کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە، خەڵکی خۆبەخشی شاری "گوێک تەپە" سەر بە شارستانی مەهاباد، لە هەڵمەتێکی بەربڵاودا دەستیان کردووە بە دژەگەندکردنی ئەو شارە.

زیاتر لە یەک مانگە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان ئاشکرا بووە و تا ئێستا ئەژمارێکی زۆر لە هاووڵاتییان بەو ڤایرۆسە تووش بوونە و گیانیان لەدەست داوە و تا ئێستاش ڕێژیم لە چەواشەکاری و بێکیفایەتییەکانی بەردەوامە.