کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان لە ژێر گوشارێکی زۆردان

12:00 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، لە ژێر گوشارێکی زۆردان و ئەو گوشارانەش ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.

بە هۆکاری سیاسەتەکانی ڕێژیم، له وڵاتی ئێراندا ئامارەکانی هەڵاوسان، گرانییەکان، هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان، هەژاری، نەداری، بێکاری، برسییەتی و هتد، ڕوویان لە هەڵکشانە و بەم هۆکارەشەوە خەڵکی ئەو وڵاتە و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر گوشاری یەکجار زۆردان و توانایی کڕینی پێداویستییەکانی ژیانیان نییە، کە ڕێژیمیش هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گوشارانە و کێشەکانی تری خەڵکی ئەو وڵاتە هەڵ نەگرتووە.

هۆکاری سەرجەم کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران، بۆ گەرمارۆوەکانی سەر ڕێژیم و بایەخنەدانی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە، کە گوشارەکانیش تەنیا لەسەر خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئەو وڵاتەیە و بەرپرسانی ڕێژیم بە دزی، گەندەڵی، تاڵانبردنی داهاتی وڵات و هتد، گوشارەکانیان لەسەر خۆیان دوور خستووەتەوە.

لەم بارەوە، خەڵکی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ کڕینی خواردەمەنییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بە بەهایەکی ۲۰۰ یان ۳۰۰ تمەن کەمتر لە بەهای بازاڕەکان، لە ناوەند و فرۆشگا حکوومەتییەکاندا ڕیزێکی دوورودرێژ دەبەستن.

لە وڵاتێکی وەکوو ئێران، کە بە یەکێک لە وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان لە زۆربەی بوارەکانی داهاتدا ئەژمار دەکرێت و خەڵکەکەی تا ئەو ڕادەیە گوشاریان لەسەرە کە بۆ ۱۰۰ تمەن کەمتر دەیان کاتژمێر لە ڕیزێکی دوورودرێژ بۆ کڕینی پێداویستییەکانی ژیان ڕادەوەستن، ئەم کارە جگە لە گاڵتەکردن بە کەرامەتی مرۆڤایەتی هیچ واتایەکی دیکە هەڵ ناگرێت.

لەم پەیوەندییەدا، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ۳۰ی بانەمەڕ، خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کڕینی چەند کیلۆ قەندی حکوومەتی، لە فرۆشگا و ناوەندە حکوومەتییەکانی ئەو شارەدا ڕیزێکی دوورودێژیان بەستووە و بەو حاڵەشەوە زۆربەی ئەو خەڵکە بە دەستبەتاڵی گەڕاونەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، کە ئەم لە سەف ڕاوەستانە بۆ چەند کیلۆ قەندی حکوومەتی، لە لایەن خەڵکی ئەو شارەوە بە گاڵتەکردنی ڕێژیم بە کەرامەتی مرۆڤایەتیی ئەو خەڵک دەزانن.

له ماوەی ڕابردووشدا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند، کە زۆربەی خواردەمەنییەکان و بەتایبەت خواردەمەنییە پێویستەکانی و بڕێکی تر لە پێداویستییەکانی ژیان، کۆپێنیان بۆ دیاری دەکەن و تا ڕادەیەک گوشارەکانی سەر خەڵک کەمتر دەکەینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران، جیا لەوەی کە هیچ کێشەیەک لە گرفتەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتە چارەسەر ناکات، بەڵکوو گوشارەکانی سەر خەڵک چەند قات دەکاتەوە.