کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان لە کارەسات حەماسە دەخولقێنن

11:59 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هاووڵاتیان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بە هانای خەڵکی لوڕستانەوە دەچن و ڕۆژئاوای کوردستان هاوخەمیی خۆی بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان دەربڕی.

لە دوای ڕوودانی لافاوە بەهێزەکان لە هەندێک لە پارێزگاکانی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی لە پارێزگای لوڕستان، کە زەرەر و زیانێکی زۆر بە ماڵ و حاڵی خەڵکی ئەم ناوچانە کەوت و بێدەسەڵاتیی و ناکارامەییی ڕێژیم، لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی دیکە لە کارەسات حەماسە دەخولقێنن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"، بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراوی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەم کەمپەینە یەکەمجار لە شاری مەریوان دەستی پێ کرد و پاشان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا ڕاگەیەنرا.

لەم کەمپەیندا داوا لە خەڵک دەکرێت، پێداویستییە سەرەکییەکان کە لەمانەدا خۆیان دەبیننەوە: "پەتوو، خێوەت، شیری وشک، نەوار بێهداشتی، خورما و چەند دەرمانێکی پێویست".

ئەم کەمپەینە لە شار و پارێزگاکانی: "ئیلام، سنە، مەریوان، دێولان، کامیاران، بانە و سەلاسی باوەجانی" بەڕیوە دەچن.

سەرەڕای خراپیی بارودۆخی ئابووریی خەڵک لە کوردستاندا، خەڵک بە شێوەیەکی لەخۆبردووانە و لەوپەڕی بێمتمانەیی بە ڕێژیم لە بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو لە هەوڵی کەمکردنەوەی زیانەکانی خەڵکی لێقەوماون و دەیانەوێت زامەکانیان ساڕێژ بکەن.

خەڵک لە شارەکانی کوردستاندا، پێش لە بەخشینی یارمەتییەکانیان پرسیاری ئەوە دەپرسن، کە ئایا ئەو کەمپەینە خەڵکییە یان دەوڵەتی؟ چونکه بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی شاری سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشان بۆیان دەرکەوتووە، کە ڕێژیمی ئێران یارمەتییە کۆکراوەکان بە لێقەوماوان ناگەینێت و گرینگی بە دۆخی لێقەوماوان نادات.

لە  وێنه و ڤیدئۆ بڵاوکراوەکاندا دەبینین کە کۆکردنەوەی یارمەتی لە کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانه بەردەوامه و خەڵكی مرۆڤدۆست و نیشتمانخۆشەویستی کوردستان بە هەر چەشنێک کە بۆیان بلوێت یارمەتییەکانی خۆیان بە خەڵکێ لێقەوماوی لوڕستان و ئیلام دەگەینن؛ تا جێگایەک کە منداڵێک پارە کۆکراوەکانی خۆی بە کەمپەینەکان دەبەخشێت، بووک و زاوا لە ڕۆژی هاوسەرگیرییاندا بەشداری لە کەمپەینەکان دەکەن و یەکێکی دیکە بە گەیاندنی پەیامی ڤیدئۆیی هێڵی بەتاڵبوون بەسەر ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن و جیاکردنەوەی شارەکانی کوردستان لە یەکتر بە ڕێژیمی ئێران دەگەینێت و پشتیوانیی خۆی لە هاونیشتمانییەکانی دەردەبرێت.

هەر لەم ڕاستایەدا خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان لە چەند وێنە و فیلمێکدا هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی لافاولێدراوی کوردستان دەربڕیوە و بە هەڵگرتنی دروشمگەلێکی وەک: "خەڵکی لوڕستان، قامیشلوو هاوخەمتانە، خەڵکی لوڕستان، ڕۆژاوا هاوخەمتانە، لوڕستان بەتەنیا نییە و خەڵکی لوڕستان، عەفرین هاوخەمتانە" هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی لافاولێدراو دەربڕیوە.