کۆمەڵێک لە نیشتمانپەروەرانی پیرانشار بە سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە و یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز نرخاند.
ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک مامۆستا لەگەڵ چەند كەسايەتى، سەردانی گڵکۆی شەهیدان "سلێمان ڕەسووڵ زادە، قادر ئیفتخاری و عەبدوڵڵا ڕەسووڵ زادە"یان لە گوندی "زەنگیاوێـ"ـی سەر بە پیرانشار کرد.
ئەوان بۆ جارێکی دیکە و لەسەر گڵکۆی شەهیدان لەگەڵ ڕێبازی نەمران پەیمانیان نوێ کردەوە.
هەروەها لەو چالاکییەدا وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان باس لەسەر تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کراوە و ئامادەبووان لەو چالاکییەدا پێشوازییان لەو باسە کردووە و یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز نرخاندووە.
خوالێخۆشبوو "عەبدوڵڵا ڕەسووڵ زادە" برای شەهید "سلێمان ڕەسووڵ زادە"یە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.
ناوبراو بە دەیان جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجە کراوە، بەڵام "کاک عەبدوڵڵا " هەر لەسەر داوا ڕەواکەی سوور بووە و قەت ملکەچی داگیرکەر نەبووە.
سەرەنجام ناوبراو ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشییەکەوە کە لە ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیمی ئێراندا و بەهۆی ئەشکەنجەکانەوە تووشی ببوو، کۆچی دوایی کرد و گڵکۆی ئەویش لەلای برای شەهیدیدایە.