کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە

12:17 - 8 پووشپەڕ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی "مەهاباد" و "شنۆ"، لەگەڵ شەهیدانی مانگی پووشپەڕ و ڕێبازەکەی دوکتور قاسملوو پەیمانیان نوێ کردەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری "گوێکتەپە"ی سەر بە مەهاباد، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی تێرۆرکردنی دوکتور "قاسملوو"، لە کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارەدا، وەفاریی خۆیان بە ڕێبازی دوکتور "قاسملوو" دووپات کردەوە.

هەروەها لەو چالاکییەدا لە مەهابادی لانکەی شۆڕشەوە بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر شەقامی سەرەکیی "گوێکتەپە"، ئەمەگناسیی خۆیان بە ئامانجەکانی دوکتور "قاسملوو" و حیزبەکەیان نیشان دا.

هەروەها لە "شنۆ"، شاری وەفاداران بە ڕێبازی هەرمانی شەهیدانەوە، لەگەڵ شەهید "هیدایەت" بۆ جارێکی دیکە پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە و ڕایانگەیاندووە کە چاوەڕێی فەرمانن بۆ سەندنەوەی تۆڵەی شەهیدان بەگشتی و  تۆڵەی خوێنی شەهید "هیدایەت" بەتایبەتی.

لە مانگی پووشپەڕی هەموو ساڵێک، هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ساڵیادی تێرۆری دوکتور "قاسملوو"ی نەمردا بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و بڵاوکردنەوەی پەیام و نووسینی دروشم، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازەکەی دوکتور "قاسملوو" دووپات دەکەنەوە.