کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی کوردستان هەر ڕۆژ لەگەڵ کیشەیەکی نوێ بەرەوڕوو دەبنەوە

10:23 - 10 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە کەرتی تەندروستی و دەرماندا بەردەوامن؛ نۆرینگەکانی شاری مەهاباد پارەیەکی یەکجار زۆر وەردەگرن و لە شاری ڕوانسەریش خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان ئەنجام نادرێن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری ڕوانسەر، سەر بە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە ماوەی دوو حەوتوویە کە تاقیگەی پزیشکیی دەرمانگای ژمارە ٢ی ئەم شارە، تاقیکاریی "تیرۆئید" بۆ هیچ نەخۆشێک ئەنجام نادات و بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ بۆ ئەم مەبەستە سەردانی شارەکانی جوانڕۆ یان کرماشان بکەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەنجامدانی ئەو تاقیکارییە پزیشکییە لە شارێکی گەورە وەکوو ڕوانسەردا، لە پێویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان لەم شارەدا بە ئەژمار دێت کە بەرپرسانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیش سەبارەت بەم پرسە وڵامدەر نین.

لە لایەکی دیکەشەوە، لە شاری مەهاباد، لقێکی بێهداریی تایبەت بە خانەنشینکراوان دامەزراوە کە پێشتر خانەنشینکراوان سەردانی ئەو شوێنەیان دەکرد و بە زووترین کات و بەبێ بەرانبەر چارەسەریان وەردەگرت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ماوەیەکە بۆ ئەو کەسانە نۆرەگرتنی تەلەفۆنییان داناوە و سەرەڕای ئەوەی کە نەخۆشەکان دەبێ بۆ ماوەیەکی زۆر لە پشت هێڵی تەلەفۆن بمێننەوە و پارەیەکی زۆر بۆ ئەو پێوەندییە تەرخان بکەن، هەندێک جاریش نۆرەکانیان بۆ چەن ڕۆژی داهاتوو دادەنرێت کە بۆ ئەوان زۆر درەنگ دەبێت.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ماوەی یەک حەوتوویە کە نۆرینگەیەکی نوێ لە مەلاجامیی مەهاباد کراوەتەوە کە ئەویش بۆ هەر نۆرەیەک بڕە پارەی ٥ هەزار تمەن لە نەخۆشەکان وەردەگرێت.

دۆخی ئابووری بەگشتی و دۆخی ئابووریی خانەنشینکراوان بە چەشنێکە کە زۆر جار ناتوانن تێچووەکانی دەرمانی خۆیان دابین بکەن، هەر بۆیە وەرگرتنی ئەم بڕە پارەیە و هەروەها گرینگینەدانی بێهداریی ئەم شارە بەم توێژە، ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.