کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان وڵامی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم دەدەنەوە

13:11 - 25 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان بە گرتن و ناردنی گرتەی ڤیدیۆیی لە منداڵەکانیان، بۆ جارێکی دیکە وڵامێکی توندیان بە بەرپرسانی ڕێژیم و هەوڵە نەزۆکەکانیان بۆ پەراوێزخستنی زمانی دایکی دایەوە.

دوابەدوای ئەوەی کە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی بانگهێشتنامەیەک لە ڕۆژی ٢٢ی جۆزەرداندا و بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی ئێران و بەڕێوەبردنی بەرنامەیەک لەژێر ناوی (تست بسندگی زبان فارسی)، کە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی جەستەیی و ئامادەیی منداڵان پێش لە چوون بۆ قوتابخانە ئەنجام دەدرێت، داوایان لە ئەندامانی کۆمەڵگای کوردستان کرد کە لە هەر ڕێگایەکەوە دەتوان دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم بڕیارە دەرببڕن و بەرپرسیاریەتیی خۆیان بەنیسبەت داهاتووی کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو بەجێ بگەیەنن.

لەم بانگهێشتانامەیەدا هاتووە: "زمان لە هەر وڵات و لەنێو هەر نەتەوەیەکدا، وەکوو یەکێک لە توخمەکانی پاراستنی نەتەوە و پێکهاتەی شوناس هەژمار دەکرێت. مرۆڤەکان بە زمانی دایکیی خۆیان بیر دەکەنەوە و توانا و پەیوەندییە سەرەتاییەکانیان لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە نیشان دەدەن. منداڵان وەکوو هەستیارترین چینی کۆمەڵگا و لە پەیوەندی لەگەڵ زمانی دایکی و فێرکردن بە زمانی دایکی، یەکەم قوربانییەکانی دەستی ڕێژیمی توتالیتێری ئێرانن. هەر لەم پەیوەندیەدا، ئەندامانی کۆمەڵگا، بەتایبەت باوک و دایک، گرنگترین بەرپرسیاریەتییان بەرانبەر بە داهاتووی منداڵان لە ئەستۆیە."

هەروەها لەم بانگهیشتنامەیەدا هاتووە: "یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەساسی مافی ئینسانیی تاکەکان و بە پشتبەستن بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ، لەو بڕوایەدایە کە جێبەجیکردنی ئەم بەرنامەیە دەچێتە خانەی سەرکوتی زیاتری ئەندامانی کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو زەرەرمەندی سەرەکیی ئەم پلانەیە."

پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بانگهێشتنامەیە، خەڵکی کوردستان بە ناردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە منداڵەکانی خۆیان و هەروەها بە بەڕیوەبردنی چالاکیگەلی جیاواز، هەوڵی لەقاودانی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی زمانی نەتەوە جیاوازەکانیان داوە.