کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان پارەکانیان لە بانک دەکێشنەوە

10:57 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی کێشەی ئابووری و فێڵی بەرپرسانی بانکەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خەڵک پارەکانیان لە بانکەکان دەردەهێننەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵک لە ترسی دەسبەسەرداگرتنی ڕێژیمی ئێران بەسەر پارەکانیان لە بانکەکاندا، پارەکانیان لە بانکەکانی ڕێژیم دەهێننە دەرەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر لای خۆیان هەڵی دەگرن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ئەو هەوڵەی خەڵک پاش ئەوە بووە، کە بانکەکانی ڕێژیم لە کوردستان ژمارە حەسێبی هاووڵاتییانیان داخستووە.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، نزیک بە ٣٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا حەسێبە بانکییەکانیان لە لایەن بانکەکانەوە بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرا داخراوە، کە بەشێکی بەرچاوی ئەم ڕێژەیە خەڵکی کوردی لە بەر گرتووە.

لەو پێوەندییەدا لە شاری سەقز، زیاتر لە هەزار کەس پارەکانیان بلۆکە کراوە، کە هەر کەسێک خاوەنی یەک هەتا پێنج ژمارە حەسێبە. بەرپرسانی شاری سەقز هاوشێوەی بەرپرسانی بانکەکان هیچ وڵامێکیان بۆ خەڵک نییە.

 بەپێی دوایین زانیارییەکان، بەردەوام لە شارەکانی بانە، مەریوان، کرماشان و زۆر شاری دیکەی ئێران سامانی نەختینەیی خەڵک لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بە تاڵان دەبردرێت .