کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان ڕێزیان لە پێشمەرگە سپی پۆشەکان گرت

11:30 - 7 بانەمەڕ 2720

هاووڵاتییەک لە مەریوان بۆ ڕێزگرتن لە خۆڕاگری و هەوڵ و تەقەلای پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکان بە پێشکەشکردنی گوڵ ڕێزی لە پێشمەرگە سپی پۆشەکان گرت.

ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، بە دابەشکردنی گوڵ بەسەر پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی "بووعەلیـ"ـی مەریوان، ڕێزی لە هەوڵ و تێکۆشانی پێشمەرگە سپی پۆشەکان لەو شارەدا گرت.

خەڵکی کوردستان بەردەوام و بە شێوازی جیاواز ڕێز لە ماندووبوونی پێشمەرگە سپی پۆشەکان دەگرن.

لە ماوەی ڕابردووشدا خەڵکی مەریوان چەند جار بۆ بەرزنرخاندنی گیانبازیی پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکانی کوردستان و ئێران، چەپڵەیان لێدا.

هەروەها بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی خۆبەخش لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان لە ڕێگەی دژەگەندکردنی شەقام و کۆڵانەکان و هەروەها دابینکردن و دوورینی دەمامک و جلوبەرگی پێویست بۆ پزیشک و پەرستارەکان و تەنانەت خەڵکیش بەشێوەیەکی خۆبەخش بەشداربوون لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

خەڵکی کورد و شارەکانی کوردستان بۆ کارە مرۆڤدۆستانەکان و پشتیوانی لە خەباتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەوام پێشەنگایەتیی کۆمەڵگایان کردووە.

لە بەرانبەردا ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵێک لە پێناو دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان بەتایبەت لە کوردستاندا نادات و نەخۆشخانەکانی کوردستان ناچار بە ڕەتکردنەوەی نەخۆشەکان دەکات.