کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان یادی ڕێبەری مەزن دوکتور "قاسملوو"یان بەرز ڕاگرت

12:54 - 15 پووشپەڕ 2720

پێشمەرگەکانی شار لە "سنە، دیواندەرە، نەغەدە و مەریوان" یادی دوکتور "قاسملوو"ی نەمریان بەرز ڕاگرت و بە چالاکیی بەرینی تەبلیغی، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی هەرمانی  دوکتور "قاسملوو" نیشان دا.

لە "سنە"ی خوێناوی، پێشمەرگەکانی شار بە هەڵکردنی مۆم و دانانی جامانەی هێمای پێشمەرگە و وێنەی شەهید "قاسملوو"، سوێندی وەفادارییان نوێ کردەوە کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزب لە ڕێبازی "قاسملوو"دا چالاکانە و دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەڕێوە ببەن.

هەروەها لە چالاکییەکی دیکەدا لە "سنە" و لە "مەیدانی گاز و مەیدانی شبلی"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری پەیوەندیدار بە ٢٢ی پووشپەڕ، خۆیان بە درێژەدەری ڕێبازی دوکتور "قاسملوو" زانیوە.

لە "دیواندەرە"ی هەردەم لەسەنگەرەوە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید دوکتور "قاسملوو"، یادی ئەو ڕێبەرە مەزنەیان بەرز ڕاگرت.

هەرلەو پەیوەندییەدا لە "نەغەدە"ی سەربەرزەوە، تێکۆشەرانی بەئەمەگ بە ڕێبازی دوکتور "قاسملوو"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی قارەمانانی دێموکرات لە "نەغەدە" چالاکییان تێدا بەڕێوە بردووە بریتین لە: "شەقامەکانی مەولەوی یەک، کاویان، پارکی موعەلیم، گەڕەکەکانی حاجی خدر و نەمای ٥٣ هێکتار و فەلەکەکانی پیرانشار و محەممەد ئەوراز".

هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان، بە نووسینی دروشم و نووسراوەی حیزبی لە بەرەبەری شەهیدکرانی دوکتور"قاسملوو"، یادی ئەو ڕێبەرە مەزنەیان بەرز ڕاگرت و ڕایانگەیاند: "تا دواهەناسە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی دوکتور قاسملووین".