کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان یارمەتیی هاووڵاتییانی هەژار دەدەن

12:33 - 12 خاکەلێوه 2720

بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بارودۆخیکی نالەبار پێکهاتووە و خەڵکی کەمداهات تووشی دۆخێکی دژوار بوونە، بەم هۆیەوە خەڵکی گوێکتەپە بە کۆکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان بە هانای خەڵکی هەژارەوە چوون.

لەم کاتە قەیراناوییەدا کە نەخۆشیی کۆرۆنا هەڕەشە لە ژیان و گیانی خەڵک دەکات، خەڵکی خێرخوازی گوێکتەپە بە کۆکردنەوەی کەلوپەلی بژێویی ژیان، یارمەتیی ئەو بنەماڵە هەژارانە دەدەن کە لەم دۆخەدا ڕۆژانێکی سەخت تێدەپەڕێنن.

بەهۆی تەشنەسەندنی ئەم نەخۆشییە، زۆربەی کار و چلاکییەکان ڕاوەستاون و بووەتە هۆی ئەوەی کە گوشارێکی زۆر بخرێتە سەر توێژی کەمداهات.

چالاکانی مەدەنی و خەڵکی خێرخوازی کوردستان لە هەوڵێکی جیددیدان کە لەم بارودۆخەدا گوشارەکان لەسەر خەڵکی هەژار کەم بکەنەوە و یارمەتییان بدەن.

ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە ئامادەیە یارمەتیی وڵاتانی دیکە بدات، ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران و کوردستان لە دۆخیکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن و هیچ یارمەتییەکیان پێ نادرێت.