کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندی باینجان لە دۆخی ژیانیان ناڕازین

11:51 - 22 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دانیشتوانی گوندی باینجان سەر بە شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەست نەبوونی ئێمکاناتی خۆشبژێوی دەناڵێنن و لە دۆخی نالەباری ژیانیان ناڕازین.

ڤیدئۆیەکی بڵاوکراو لە هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە پارێزگای سنە نیشان دەدات، کە خەڵکی گوندی باینجان هەڵکەوتوو لە ٣٢ کیلۆمێتریی شاری بانە، لە سەرەتاییترین ئێمکاناتی ژیان بێبەرین و هاوکات لەگەڵ ڕەنجی زۆر و هەروەها کیمیاییباران ئەو گوندە لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، هێشتا نە ئاوی خواردنەوەی خاوێنیان هەیە نەک خانەبێهداشت و نە تەنانەت قوتابخانەش بۆ منداڵەکانیان.

ئەم گوندە ٣٦ ساڵ پێش ئێستا، واته لە ساڵی ٦٢ کەوتووەتە بەر هێرشی کیمیایی، بەڵام بەم حاڵەشەوە خەڵک تا ئەم دواییانە کۆچێکی وایان بۆ شارەکان نەکردووە.

دانیشتووانی ئەم گوندە باس لەوە دەکەن، کە پێشتر حەشیمەتی زۆری لێ نیشتەجێ بووە، بەڵام نەبوونی ئێمکاناتێک و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بووەتە هۆی چۆڵبوونی گوندەکە و زۆربەیان کۆچکردنیان پێ باشتر بووە.

ڕووخانی خانووەکان، نەبوونی گاز، خاکیبوونی ٩ کیلۆمتر جاددە ، نەبوونی ئانتێنی مۆبایل، نەبوونی قوتابخانە، مزگەوت و خانەبێهداشت لەو کێشە سەرەکییانەن کە خەڵکی ئەم گوندە پێوە دەناڵنن؛ قوتابییەکان باس لەوە دەکەن، کە دیواری قوتابخانەکان ڕووخاوە هەرکات ئەگەری گیانلەدەستدانیان برینداربوونی قوتابییان لە ئارادایە.

کاری سەرەکیی خەڵکی ئەم گوندە ئاژەڵدارییە، بەڵام کەمبوونەوەی داهات و بەرهەمهێنان لە بەشی ئاژەڵداریدا بۆ نەبوونی ئێمکانات و هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە.

بە وتەی دانیشتووانی گوندی باینجان، ئەم گوندە تەنیا لە خزمەتگوزاریی کارەبا بەهرەمەندە، ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ئەمڕۆکە شێوازی ژیان بە هۆی ئێمکانات و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و سەردەم سەردەمی زانیاری خێرایە و پێویستە کە خەڵک ئێمکاناتی خۆشبژێوییان بۆ دابین بکرێت، تاکوو بتوانن ژیانێکی ئارام تێپەڕ بکەن.

بەرپرسانی ڕێژیم هیچ بایەخێک بە گوندەکان و کارگەلێکی وەکوو ئاژەڵداری و وەرزێڕی نادەن، هەر بۆیە حەشیمەتی شارەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوویان لە زیادبوونە و کێشەی کۆمەڵایەتی و دیاردەکانی کۆمەڵگاش لە حاڵی زیادبووندان.