کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندی "ساڵیان" هێشتا گازیان نییە

19:02 - 23 سەرماوەز 2720

خەڵکی زۆربەی گوندەکانی پارێزگای سنە ئێستاکەش لە خزمەتگوزارییەسەرەتاییەکانی ژیان بێبەرین و ڕێژیم هەروا لە پەراوێزخراویدا دەیانهێڵێتەوە.

گوندی "ساڵیان" سەر بە بەشی "کەڵاتەرزان" لە پارێزگای سنە، هێشتا گازی نییە و بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگرن.

بەو حاڵەشەوە بەشە نەوتی ئەو گوندە ئەوەندە کەمە کە هەر بنەماڵەیەک دەتوانێت یەک ژووری پێ گەرم بکاتەوە و بۆنی ناخۆشی نەوتیش حاڵی ژیانی ئەو خەڵکەی تێک داوە.

نە تەنیا نەبوونی گاز بەڵکوو نەبوونی ناوەندێکی تەندروستی و ڕێگای قیرەتاو و هەروەها بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی "هادی" ئەوەندەی دیکە خەڵکی ئەو گوندەی بێزار کردووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕایانگەیاندبوو کە تا ساڵی ٩٨ گوندی ساڵیان دەبێتە خاوەنی گاز بەڵام ساڵی ٩٩ش بەرەو کۆتایی دەڕوات و خەڵکی ئەو گوندە هێشتا تەنیا سووتەمەنییان نەوتێکی کەمە.