کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندی "مەوی" لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەرین

18:20 - 11 سەرماوەز 2720

خەڵکی گوندی "مەوی" سەر بە شاری "زەڕینە" لەگەڵ کەمبوون و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون و هەروەها گلەییان لە بەڕێوەنەچوونی بابەتە فێرکارییەکان کردووە.

گوندی "مەوی" سەر بە شاری "زەڕینەی دیواندەرە" یەکێک لەو گوندانەی ئەو شارەیە کە کەمترین خزمەتگوزاریی بۆ ئەنجام دراوە و ئێستاکە خەڵکی ئەو گوندە بەدەست کەمبوونی ئاو و نەبوونی ئاوەڕۆیەکی باشەوە دەناڵێنن.

خەڵکی ئەو گوندە هەتا ئێستاکەش بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دەچنە سەر کانییەکان و ئاوی خۆیان دابین دەکەن.

هەروەها زێراوی ئەو گوندە کە خۆیان کێشاویانە بەهۆی ئەوەی کە کارناسانە نەبووە و خەڵک بۆ خۆیان دروستیان کردووە، دەچێتە نێو کانییەکی ئەو گوندەوە کە کێشەی بۆ دروست کردوون.

هەروەها ئەو گوندە لە ناوەندی دەرمانی و نانەواخانەش بێبەرییە و ڕێگای هاتوچۆی ئەو گوندەش بەهۆی خراپی و نەبوونی ڕێگای قیرەتاو لە کاتی بەفرباریندا چەند جار دەبەسترێت.

هەروەها لەو گوندەدا تەنیا قوتابخانەی سەرەتایی هەیە و منداڵان بەهۆی نەبوونی ئینتێرنێتەوە ناتوانن بە شێوەی ئانلاین بخوێنن و هاتنی مامۆستاش بۆ گوندەکە لە وەرزی زستاندا کێشەی زۆری هەیە.

ئەم دۆخە شپرزەیە بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی ئەو گوندە و داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە کە بۆیان چارەسەر بکەن، بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنی دەدەن بەڵام هەتا ئێستاش هەنگاوێکی جیددی لەو پێناوەدا هەڵنەگیراوە و هەوڵەکانی بەرپرسان تەنیا لە ئاستی قسەکردندایە.