کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندی "کارتا"ی شاری ئیزە لەهەمبەر داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:52 - 23 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر دانیشتووانی گوندی "کارتا" (امامزادە سلطان ابراهیم) سەر شارۆچکەی "سووسەنـ"ـی شاری ئیزەیی پارێزگای خوزستان، سەبارەت بە داگیرکرانی بەشێک لە زەوییەکانیان لەلایەن ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم لەو شارە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن ئەو ئیدارەیە بە نایاسایی دەزانن و بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم فەرمانداریی ئیزە، داوایان کردووە زەوییەکانیان پێ بدەنەوە.

چالاکێکی مەدەنیی ئیزە وتوویەتی: "لە ماوەی یەک سالی ڕابردوودا کێبڕکێیەکی زۆر لەسەر داگیرکردنی سامانە گشتییەکان لەو شارەدا هەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕەسەنایەتیی ئیزە بە ئاسەوارە مێژوویی و سروشتییەکانیەوە دەناسێنرێت".

کاربەدەستانی باڵادەستی ڕێژیمی ئێران لە شار و گوندەکان، بە بیانووی ئەوەیکە ئەو شوێنە دراوەتە ئیدارەی "ئەوقاف" یان ئەوەیکە سامانی گشتییە دەستیان بە داگیرکاریی نایاسایی ماڵ و سامانی خەڵک کردووە.