کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندی گووگردچی ١٥ ساڵە نەیانتوانیوە کشتوکاڵ بکەن

11:36 - 31 بانەمەڕ 2721

بەهۆی ئاوگیریی پاشخانی بەنداوی "سارووق" لە تیکاب و سایین‌قەڵا لە ساڵی ٨٤ـەوە خەڵکی گوندی "گووگردچیـ"ـی تیکاب ناتوانن بچنە سەر زەوینەکانیان و کشتوکاڵ بکەن و لە لەوڕگە یاساییەکان کەڵک وەربگرن.

"حەسەن هێمەتی" بەناو نوێنەری تیکاب وتوویەتی: "بەشێک لە زەوینە دێمییەکان و لەوڕگەکانی گوندی گووگردچی لە سووچی باشووریی ڕووبارەکەدا بەر لە ئاوگیریی بەنداوی سارووق، خەڵک لە ڕێگای کەناری ڕووبارەکەوە دەیانتوانی بچنە سەر زەوینەکانیان".

ناوبراو وتوویەتی، ٩٥ لەسەد لە زەوینە ئاوییەکانی ئەو گوندە کە شوێنی داهاتی ژیانی خەڵک بووە کەوتووەتە نێو پاشخانی ئاوی بەنداوی "سارووقـ"ـەوە و لە ئێستادا تەنیا لەسەر ئەو زەوینە دێمانەی کە بۆیان ماوەتەوە دەتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن.

بەپێی قسەی خەڵکی ئەو گوندە، بەڕێوبەری پرۆژەکە بەڵێنیی داوە کە بۆ دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە زەوینەکانیان جادەیەک لەپاڵ بەنداوەوە و پردێکیش لە کۆتایی پاشخانی بەنداوەکەوە لێ بدەن، بەڵام بە تێپەڕینی ١٥ ساڵ لەو بەڵێنە هەتا ئێستا هیچ کارێک لەو پێناوەدا بەڕێوە نەچووە.