کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندەکانی "سەرگیز، حەسەن نووران و پەرداوێ" پێشیان بە کاولکارییەکانی ڕێژیمی ئێران گرت

12:58 - 1 خەزەڵوەر 2721

ماوەیەکە شارەداریی نەڵۆس و هەندێک لە کارخانەکانی ئاشی خیز کە سەر بە ڕێژیمن بە بیانووی دروستکردنی پرد لەسەر چۆمی گادەر لەنێوان دوو گوندی پەرداوێ و سەرگیز بەردەوام خیز لەو چۆمە هەڵدەگرن.

بەهۆی ئەوەیکە شارەداریی نەڵۆس و کارخانەکانی ئاشی خیز هێندە خیز لەو چۆمە هەڵدەگرن لەوەڕگە و کانیاوەکان وشک بوونە و خەڵک بە ناچاری لە ڕێگای چاڵاوەکان بۆ ئاودانی مەڕ و ماڵاتەکانیان کەڵک وەردەگرن.

شارەداریی نەڵۆس بۆ هەر کارێک بیهەوێت بیکات، خیز لەو چۆمە هەڵدەگرێت کە زیانێکی زۆری بەو ژینگەیە گەیاندووە.

خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام ڕێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە کێشەکە چارەسەر بکات خەریکی شەڕ و ئاژاوەنانەوە لەنێو خەڵكدایە.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی حەسەن نووران بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە کە ڕێژیم بە هاوکاریی بەکرێگیراوەکانی خۆی خەریکە خیزی ئەو چۆمە تاڵان دەکات.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، تەنیا ئامانجی ڕێژیم ئەوەیە خەڵک پێکەوە بەشەڕ بدات و لەو نێوانەدا خیزی ئەو چۆمە هەڵگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو هاووڵاتییە لە گوندی "حەسەن نووران" ئێستا خەڵکی ئەو سێ گوندە پێکەوە واژۆیان کۆ کردووەتەوە و ئیزن نادەن ڕێژیم خیز هەڵبگرێت.