کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندەکانی شاماتی مەهاباد ڕێگری لە کاولکارییە ژینگەییەکانی ڕێژیم دەکەن

12:14 - 3 جۆزەردان 2720

خەڵکی گوندەکانی ناوچەی شاماتی سەر بە مەهاباد بەنیسبەت هەوڵە کاولکارانە و سیاسەتە دژ بە ژینگەییەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیە، هەڵوێستێکی بوێرانەیان پیشان دا و بە گژی پیلانەکانی ڕێژیمدا چوونەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بووژاندنەوەی زەلکاوی خوێی گۆلی ورمێ کە لە ئاکامی سیاسەتی نازانستییانەیان بە درێژایی دەیان ساڵ بەرەو هەڵچۆڕان و وشکبوونیان بردووە، بەتەمای کاولکردنی ژینگەی کوردستان، وشککردنی تاڵاوەکانی  ''بەفرەوان'' و ''کانیبەرازان'' و هەروەها لێڕەوار و مەزراکانی ناوچەکەن.

کاولکاران لەم ناوچەیە، دارەکان دەبڕن و ئاگریان تێبەردەدەن یان بە ماددەی کیمیایی وشکیان دەکەن. لەگەڵ ئەوەش بە کەرەستەی مێکانیکی ڕێڕەوی ڕووبارەکان هەڵدەکەنن و ئاراستەکەیان لە تاڵاو و شامەکان وەردەگێڕن.

ئەم سیاسەتە دژ بە ژینگەیەی ڕێژیم، پەرچەکرداری خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچەی شاماتی لێکەوتووەتەوە و بە گژیاندا چوونەتەوە. خەڵکی ناوچەکە بەو کەرەستانەی کە لە بەر دەستیانە، هەوڵ دەدەن ئاوی ڕووبارەکان بگێڕنەوە بۆ شام و تاڵاوەکان و لە لەنێوچوون ڕزگاریان بکەن.

هەروەها ژینگە و سروشتی جوانی گوندی ''ئاوخواردە'' لە ناوچەی ''بەری مێرگان'' سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن چەند کەسی نەناسراوەوە کاول کراوە و زیانێکی زۆریان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.