کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئیلام خۆڕسکانە بە هانای دارستانەکانەوە دەچن

18:31 - 10 جۆزەردان 2720

لە هەوڵێکی ژینگەپارێزیدا خەڵکی ئیلام بە شێوەی خۆڕسک خەریکن دارستانەکانی ''بانکۆڵ'' سەر بە شاری سیروان لە نەخۆشیی خۆرە خاوێن دەکەنەوە.

ڕۆژی هەینی ٩ی جۆزەردان، ١٥٠ ژینگەپارێز لە ناوچەی ''بانکۆڵ'' نزیک بە هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەیان لە نەخۆشیی خۆرە خاوێن کردەوە.

''لۆرانتۆس'' یان ''خۆرە'' کە بە شێرپەنجەی داربەڕووەکان دەناسرێت، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ داربەڕووەکانی زاگرۆس و لێڕەوارەکانی کوردستان، کە ئەو نەخۆشییە دەتوانێت لە ماوەی ساڵێکدا داربەڕوویەکی پانسەد ساڵە لە بنەوە وشک بکات.

بە بڕینی ئەو لق و پۆیانەی کە خۆرەیان هەیە، دەتواندرێت پێش لە تەشەنەسەندنی بگیردرێت، چونکە ئەو نەخۆشییە بە شێوەی بەربڵاو لە دارێکەوە بۆ دارێکی دیکە دەگوازرێتەوە.

شارستانی سیروان لە ٦٥ کیلۆمیتریی شاری ئیلام هەڵکەوتووە و بەگشتی ڕووبەری ٦٨ هەزار هێکتارە و لەو ڕێژەیە ٦٠ هەزار هێکتاری لە دارستان پێک هاتووە.