کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی "ئیلام" لە بەڵێنییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم هیوابڕاو بوونە

17:58 - 27 خەزەڵوەر 2720

لە سەفەری دوێنێی "قاسم جان بابایی" جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم بۆ پارێزگای "ئیلام" نەتەنیا ئاکامێکی دڵخوازی بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە بەدواوە نەبووە بەڵکوو ڕەزامەندیی ناوبراو بەنیسبەت ڕەوتی دەرمانی نەخۆشەکانی ئەو پارێزگایە، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو پارێزگایەی لێکەوتووتەوە.

خەڵکی پارێزگای "ئیلام" ڕایانگەیاندووە: "ئێمە چاوەڕوان بووین لە سەفەری جێگری وەزیری تەندروستیدا هەندێک لەو کێشە و گرفتانەی کە نەخۆشەکان دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن چارەسەر بکردایەت، بەڵام هەڵسوکەوتەکانی جان بابایی دوور لە پێگەی خەڵک بوو".

هەروەها خەڵکی "ئیلام" ڕایانگەیاندووە: "جان بابایی نەتەنیا کێشەی تووشبووانی کۆرۆنای چارەسەر نەکرد تەنانەت لە وتووێژێک لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا هۆکاری زۆربوونی ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا و قوربانییانی ئەو ڤایرۆسەی بە لاڕێدا بردووە و وتوویەتی، هۆکاری تووشبوون پەیوەندی بە ناوەندە دەرمانییەکانەوە نییە و دەبێ هۆکاری لە دەرەوەی نەخۆشخانەکاندا بدۆزنەوە".

هەروەها نەخۆشخانەکانی "ئیلام" کێشەی کەمیی ئۆکیسژێنیان هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنییان بە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە دابوو کە لە دوای دوو مانگ ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و خەڵک پێیان وابوو "جان بابایی" بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە بۆ ئەو پارێزگایە سەفەری کردبێت بەڵام ئەو کێشەیە هەر چارەسەر نەبووە و خەڵک چیتر لەو بەڵێنییانە هیوابڕاو بوونە.

ڕێژیم نەبوونی گازی ئۆکیسێژێنی بە دەنگۆ وەسف کردووە بەڵام خەڵکی "ئیلام" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکەن، نەخۆشخانەکانی ئیلام کێشەی کەمیی ئۆکیسژێنیان هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا "محەممەد کەریمیان" سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ئیلام وتوویەتی: "دەزگای ئۆکسیژێنسازیی نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی ئۆکسیژێن بەرەوڕوو بوونەتەوە".