کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی "یەمەن" بێزاریی خۆیان لە "قاسم سلێمانی" دەربڕی

17:55 - 16 بەفرانبار 2720

"حەسەن ئیرلوو" باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن لەگەڵ ڕێبەرانی میلیشیا حوسییەکان بەبۆنەی ساڵمەرگی کوشتنی قاسم سلێمانی ڕێوڕەسمێکیان لە "سەنعا"ی پێتەختی یەمەن بەڕێوە برد کە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.

بەرپرسانی فەرمی و چالاکانی یەمەن ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە، ئەو ڕێوڕەسمە نیشانەیەکە بۆ ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران وڵاتی یەمەن بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە.

هاووڵاتییانی یەمەنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردووەتەوە، "قاسم سلێمانی" کەسێکە کە "دەستی بە خوێنی عەرەبەکان لە ئێراندا سوورە" و بە "حەسەن ئیرلوو"یان وتووە، چارەنووسی تۆش هاوشێوەی عەرەبە کوژراوەکان دەبێت.

خەڵکی یەمەن داوایان لە دەوڵەتی یەمەن و هاوپەیمانانیان کردووە کە نەهێڵن "سەنعا" ببێت بە "قوم".

"محەممەد جەمیح" نوێنەر و باڵوێزی یەمەن لە یونیسکۆ وتوویەتی: "هەڵواسینی وێنەی قاسم سلێمانی کە دەستی بە خوێنی سەدان عەرەب سوورە، دەرخەری ئەوەیە یەمەن لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە".

هەروەها" مەعمەر ئەلعۆریانی" وەزیری ئیتلاعات و فەرهەنگی یەمەن، "قاسم سلێمانیـ"ـی بە تێرۆریست ناو بردووه و وتوویەتی: "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵمەرگی قاسم سلێمانی لەلایەن حوسییەکانەوە نیشانەی پێڕەویی حوسییەکان لە دەوڵەتی ئاخوندەکانە لە ئێران کە دەیانهەوێت یەمەن بکەنە پارێزگایەکی نوێ لە ئێران".

هاوکات "سوومەییە عەسلە" هاووڵاتییەکی میسری باسی لە هەژاریی خەڵکی یەمەن لە ناوچە ژێردەستەکانی حوسییەکان کردووه و ئەو کارەی ئێرانی بە بێئەقڵانە وەسف کردووە و وتوویەتی، ئێران بەو کارانە دەیهەوێت بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆی لەسەر حسێبی ژیانی خەڵکی یەمەن بەرەوپێش ببات.