کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران بە هۆی خواردنی زۆر تەحریم کراوە

12:44 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ هۆکاری ئەوە دەگەڕێننەوە کە خەڵکی ئێران کۆمەڵگایەکی مەسرەفگەرایە.

یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوی "ڕەزا ئەردەکانیان"، کە پۆستی وەزیری وزەی لە ئەستۆیە، وتوویەتی: "بۆیە ئێمە تەحریم کراین چونکە کۆمەڵگایەکی مەسرەفگەرامان هەیە."

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە کە ئێمە عادەتی خراپمان لە مەسرەفدا هەیە و لە نێونجی وڵاتی پێشکەوتوو زیاتر چێشت دەخۆین و جلوبەرگ دەپۆشین، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەیکە ئێمە تەحریم بکرێین.

ئەم قسانەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمە لە حاڵێکدایە کە هۆکاری گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بۆ سیاسەتی شەڕخوازی و هەناردەکردنی تێرۆریزمی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە، نەک بۆ مەسرەفی خەڵک.

هاوکات ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی ئێران توانای دابینکردنی بژێویی ژیانیان نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێڵی هەژاری لە ئێراندا زیاتر هەڵدەکشێت.

وڵاتی ئێران، وڵاتێکی هەژار نییە هەتا خەڵکەکەی لە وەها دۆخێکدا بژین، ئەم وڵاتە کە خەڵکەکەی لەبەر دەستەنگی و هەژاری تووشی هەموو دیاردە دزێوەکانی وەکوو: کوشتن، دزی، لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە سڕکەرەکان و تەڵاق و... دەبن، جگە لە زۆرێک سەرچاوە و داهاتی ئاشکرا و نهێنی، لە بواری پاشکەوتی نەوت لە جیهاندا، پلەی چوارەم و لە بواری گازدا پلەی دووهەمی هەیە، بەڵام خەڵکەکەی دەبێ لەبەر ژەمێک نانی فەقیرانە دەستیان بە خوێنی منداڵەکانیان سوور ببێت.