کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران دەبێ چاوەڕوانی گرانیی زیاتر بن

17:34 - 4 بانەمەڕ 2720

بەپێی وتەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەبێ خەڵک چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی گرانی بن کە لە داهاتوودا بەڕێوەیە.

لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا کە بە بەشداریی کاربەدەستانی وەزارەتی بازرگانی، سەرۆکی یەکیەتیی پیشەییەکان و نوێنەری بازاڕییانی تاران لە هۆڵی ئەسنافی تاران بەڕێوە چووە، باس لە شەپۆلێکی دیکەی گرانی لە داهاتوودا کراوه.

لەو کۆبوونەوەیەدا هۆکاری گرانییان گەڕاندووەتەوە بۆ بەتاڵبوونی ئەمبارەکانی بەرهەمهێنان، گەمارۆی وڵاتان و سنووردارکردنی هاوردەکردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

لەو کۆبوونەوە نهێنییەدا باسیان لەوە کردووە کە دەبێ بۆ هەموو فرۆشگە زنجیرییە دەوڵەتییەکان دەرگا و پەنجەرەکانیان قایم بکەنەوە و هەموو ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بگرنە بەر.

بەرپرسانی ڕێژیم پێیان وایە لە ئەگەری زیاتربوونی گرانی و هەڵاوسان لە بازاڕەکاندا، خەڵکی ئێران هێرش دەکەنە سەر فرۆشگە دەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانن.

هەر لەو ڕاستایەدا لە کۆبوونەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم، ڕوانگەیان بەنیسبەت تاران و شارەکانی ترەوە ئەوەیە کە لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمبوونەوەدایە، ئەو ئامارانەی کە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەری دەکات تەنیا لە ترسی هاتنە سەر شەقامی خەڵک و خۆپیشاندانە.