کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران دەبێت بە هۆی نەزانکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم تینوویەتی و برسیەتی بکێشن

12:07 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگە بەرپرسێکی ڕێژیم، بۆ چارەسەریی کێشە ئابوورییەکانی بەرهەمی ڕێژیم، خەڵک بەرەو دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ برسیەتی و تینوویەتی هان دەدات.

"ڕەزا ئەردەکانیان"، وەزیری وزەی ڕێژیم، بەپێی هەواڵی "هەواڵنێرییەکانی شەبەکەی خەبەری ڕێژیم"، لە سێمیناری بەربەرەکانێ لەگەڵ کەمئاوی لە ئێراندا، باسی لەوە کردووە کە وڵاتی ئێران کەم ئاوە و گۆڕانی بەسەردا نایەت و پێویستە بەستێنی خۆگونجاندن لە ڕێگای هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بارەی واقعییەتی کەمئاوی و چارەنووسی هەرێم ئامادە بکرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لەم سێمیناردا، بە ئاماژە بەوەی کە ئێران لە ناوچەیەکی گەرم و وشکدا هەڵکەوتووە و ڕێژەی بارانبارین لە ئێراندا ١.٣ی ڕێژەی جیهانییە، وتوویەتی: "خۆگونجاندن و ژیان لە کەمئاویدا ئەرکێکی نیشتمانییە و هەموو دەبێت لەگەڵ ئەم دۆخە نەگۆڕە خۆ بگونجێنن".

"ئەردەکانیان" لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "دۆخی خراپی ئاو لە ئێراندا بە هۆی کردەوە هەڵەکانی ئەم چەند دەیەیە، بەرەبەرە ئەم شتە هاتووەتە ئاراوە و تەنیا لە ڕێگای مکانیزمە درێژخایەنەکانەوە ئەم شتە تاوتوێ دەکرێن".

ناوبراو  ڕایگەیاندووە: "بەرنامەی کارگرووپی نیشتمانیی خۆگونجاندن لەگەڵ کەمئاوی بە پێشنیاری وەزارەتە جیاجیاکان لە ساڵی ٩٦دا پەسەند کراوە، خۆگونجاندن بە مانای لەپاڵ یەکدانانی چارەنووسی هەرێمی و نەگۆڕبوونیەتی و لە هەنگاوی دواتردا، وشەی نیشتمانی لەم کارگرووپە بەو واتایەیە کە خۆگونجاندن کاتێک دروست دەبێت کە هەموو تاکەکان دەوری  تێدا بگێڕن".

"ڕەزا ئەردەکانیان"، ماوەیەک پێشتریش لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ڕێژیمدا، ڕوو بە خەڵکی ئێران باسی لەوە کردبوو کە خەڵکی ئێران زۆرخۆرن و تەنیا ڕێگای بەربەرکانێ لەگەڵ دۆخی نالەباری ئێستەدا، کەمخواردن و تەنیا ژەمێک خواردن لە شەو و ڕۆژدایە و بۆ ئەم بابەتە خەڵکی چین وەکوو سەرمەشق ناو بردبوو کە گوایە لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا ژەمێک دەخۆن، بەڵام ئاماژەی بە منداڵەکانی خۆی نەکردبوو کە لە وڵاتی کانادادا لەسەر پارەی خەڵکی هەژاری ئێران خەریکی خۆشڕابواردنن.