کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوە

18:46 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووریی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا و ئەگەرەکانی ڕوودانی شەڕ و ئاڵۆزی لەم وڵاتەدا، زۆربەی خەڵکی ئێران لە پاشکەوت کردنی سەرمایەکانیان لەم وڵاتە خۆ دەبوێرن و سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوە.

ناوەندی ئاماری وڵاتی تورکیه لەنوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بە زۆربوونەوەی ڕێژەی کڕینی خانوبەرە لەم وڵاتە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە کردووە و ڕایگەیاندووە که لەم مانگەدا، ٥٠٩ خانوو لە تورکیەدا لە لایەن ئێرانییەکانەوە کڕدراون کە بە پێی ئامارەکان پاش وڵاتی عێراق، وڵاتی ئێران دووهەمین پلەی کڕینی خانوبەرەی لەم وڵاتەدا بۆ خۆی تۆمار کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری تورکیه، لە مانگی مەی ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ مانگی مەی ساڵی ڕابردوودا، رێژەی کڕینی خانوبەرە لە لایەن ئێرانییەکانەوە لەم وڵاتەدا ١٣٤ لەسەد و بە بەرارد لەگەڵ سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٦ لەسەد زیادی کردووە.

بەگشتی، لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا، ١٧ هەزار و ٤٥٢ خانوو لە تورکیەدا فرۆشراوەتە خەڵکی وڵاتانی دیکە کە بەم پێیە وڵاتی ئێران بەتەنیایی ١٠ لەسەدی ئەم ڕێژەیە دەگرێتەوە.

خەڵکی ئێران ساڵی ڕابردوو ٣ هەزار و ٦٥٢ خانوویان لە تورکیەدا کڕیوە کە کۆی تێچووەکەی ئەبێتە نیم میلیارد دۆلار و زۆرترین خانووەکانیش لە ئێستامبۆل، ئانکارا و ئانتالیا کڕدراون.

ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری وڵاتی تورکیه نیشان دەدەن کە خەڵکی ئێران بۆ پێشگرتن لە لەناوچوونی سەرمایەکانی خۆیان لە جیاتی پاشکەوت کردنی پارە لە بانکەکاندا هەوڵی کڕینی خانوبەرە لە وڵاتانی دیکەدا دەکەن، چونکە بەم شێوەیە سەرمایەکانیان لە مەترسیی لەناوچوون لە ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزی لە ئێراندا ڕزگار دەکەن.