کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران لە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران بێزارن

11:20 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: له خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردوو دژی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی به دەستی سپای تێرۆریستی پاسداران،  خەڵک دیسانەوە بێزاریی خۆیان لە سپای پاسداران و ویلایەتی فەقیهـ دەربڕی.

دوای ئەوەیکە فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی لەلایەن پەدافەندی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و ڕێژیم دانی بە کارەساتەکەدا نا، خەڵک و بەتایبەت خوێندکاران دژی ڕێژیم خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا خوێندکاران وێنەی تێرۆریست "قاسم سلێمانیـ"ـیان دڕاند.

دڕاندنی وێنەی ناوبراو دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک لەو تێرۆریستە بێزار بوونە و کوژرانی ناوبراو هیچ بایەخێکی بۆ ئەوان نییه.

ڕێژیم بە هەموو هێزەوە پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد کە خەڵک پشتیوانی دەسەڵاتن و تێرۆری قاسم سلێمانی مەحکووم دەکەن.

دوای چەند ڕۆژ لە کوژرانی قاسم سلێمانی، خەڵک بە دڕاندنی وێنەی ناوبراو پیشانیان دا کە لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بێزارن.

هاوکات خەڵک ڕاستەوخۆ دژی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا کە "خامنەیی" ستەمکارە.

خۆپیشاندەران لە دروشمەکانیاندا داواکار بوون کە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، واز لە دەسەڵات بهێنێت.

"قاسم سلێمانی" یەکێک لە فەرماندەکانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بوو کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لەلایەن ئامریکاوە لەگەڵ چەند کەسی دیکە، کوژرا.