کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران لە کارکردی ئابووریی دەوڵەتی ڕووحانی ناڕازین

18:10 - 7 خاکەلێوه 2720

لە ڕاپرسییەکدا کە یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییە ئابوورییەکانی سەر بە ڕێژیم داینابوو، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی بەشداربووانی ئەو کەناڵە ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە کارکردی ڕێژیم دەربڕیوە.

یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییە ئابوورییەکانی سەر بە خودی ڕێژیم کە ڕاپرسییەکی لەسەر چۆنیەتیی کارکردی ئابووریی دەوڵەتی ڕووحانی دانابوو، لە ئاکامی ڕاپرسییەکەدا، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئەندامانی ئەو کەناڵە ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە کارکردی ئابووریی دەوڵەتی ڕووحانی دەربڕیبوو.

لەو ڕاپرسییەدا کە نزیکەی ٢٦ هەزار و ٥٠٠ کەس بەشدارییان کردبوو، ٨٢ لەسەدی بەشداربووان، واتە ٢١ هەزار و ٦١٠ کەس لە ٢٠ نمرە، سیفر تا پێنجیان بە کارکردی دەوڵەتی ڕووحانی لە ساڵی ڕابردوودا داوە.

هەروەها ئەو ڕاپرسییە لە تویتێر و ئینستاگرامی ئەو کەناڵەشدا دانرابوو کە بە هەمان شێوە لە نێوان ٧٠٠ کەسی بەشداربوو لە تویتێر و ٢٤٠٠ کۆمێنتی بەشداربووان لە ئینستاگرام لەو ڕاپرسییەدا، ٨٢ لەسەدیان نمرەی سیفر تا پێنجیان بە کارکردی ئابووریی دەوڵەتی ڕووحانی داوە.

دۆخی ئابووریی ئێران پاش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و هەروەها قەیرانەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو زۆر شپرزەیە و ڕێژیم تا دێت لە باری ئابوورییەوە زیاتر بەرەو داڕمان دەڕوات.