کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران پارەی نەخۆشخانەیان نییە

13:11 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران و بەتایبەت قەیرانی دارایی و ئابووری، گوشارەکانی لەسەر خەڵک زیاتر کردووە.

سەرجەم قەیرانە نێوخۆیییەکان و بەتایبەت قەیرانی دارایی و ئابووری لە ئێراندا، گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر خەڵکانی ئێران و گەیشتوونەتە ئاستێک کە تەنانەت خەڵکی ئەو وڵاتە، توانایی کڕینی دەوا و دەرمانیان نییە.

لەم پەیوەندییەدا، "ئیرج حەریرچی"، جێگری گشتیی وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، بە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە: "بە هۆی قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتەوە و بەتایبەت قەیرانی ئابووری، سەردانی خەڵکی وڵات بۆ چارەسەری و دەرمانکردنی نەخۆشییەکانیان و دڵنیابوون لە تەندروستیی خۆیان کەمتر بووەتەوە و بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە."

ناوبراو لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە گوشارەکانی سەر خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە سەر گەمارۆکانی ئامریکا، وتوویەتی: "لە بارودۆخی گەمارۆکاندا، بە هۆکاری گوشارەکانی سەر ئێران، خەڵک زۆر جار سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان ناکەن و تەنانەت لە بیری سەردانی نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان و دڵنیابوون لە تەندروستیی خۆیان نین."

لەم قوناغەی ئێستاشدا، خەڵکی ئێران بە هۆی ئەوەی کە پارەی ویزیتی دوکتورەکانیان نییە، زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان، نەخۆشانە و دوکتورەکان ناکەن و بەبێ نووسراوەی یاسایی دوکتورەکان، لە دەرمانخانەکاندا بە شێوەی ئازاد دەرمان دەکڕن.