کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران چاوەڕوانی بڕیاری گرانبوونی بەنزینن

13:09 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەنزین لە ئەگەری گرانبووندایە و بەرپرسانی ڕێژیم ڕەتی دەکەنەوە کە گران دەبێت و بە بانگەشەی درۆ ناوی لێ دەبەن.

ڕاپۆرتێکی یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەربە ڕێژیم، باسی گرانبوونی بەنزین لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ١٢ی بانەمەڕی کردووە.

بەپیی ئەو ڕاپۆرتە، بەنزین بە شێوەی جیرەبەندی و ٦٠ لیتر لە مانگدا، بە نرخی لیترێک ١٠٠٠ تمەن و هەروەها بەنزینی ئازاد هەر لیتر ٢٥٠٠ تمەن و بەنزینی سوپێری ئازادیش ٣٠٠٠ تمەن دەبێت.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرانبوونی بەنزین لە ئێران و کوردستاندا ڕیزەکانی ماشین بۆ کڕینی بەنزین زۆر بووە و قەرەباڵغییەکی زۆریان لە پۆمپ بەنزینەکاندا پێک هێناوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم  لەکاتێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیم، ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانە وەدرۆ دەخەنەوە و بە "دەنگۆ"ی دەزانن.

هەر لەو پێوەندییەدا، "بیژەن زەنگنە"، وەزیری نەوتی ڕێژیم، لە پەراوێزی پیشانگای نێونەتەوەیی نەوت، گاز، پاڵاوتن و پیترۆشیمیی ئێران، کە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بانەمەڕ، لە شوێنی هەمیشەییی پیشانگا نیونەتەوەیییەکانی تاران بەڕێوە چوو، ئەو هەواڵەی بە درۆ زانیوە.

هەروەها، "ڕەمەزان شوجاعی کیاسەری"، بەرپرسی ستادی ئاگادارکردنەوە و بانگەشەی ئابووریی ڕێژیم، سەرەڕای رەتکردنەوەی هەواڵی گرانبوونی بەنزین باسی لەوە کردووە، کە هەتا ئیستا هیچ بریاڕێک لەو بارەوە نەدراوە و هەنووکە خەریکی تاوتوێکردنی ئەو بابەتەین.