کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئەهواز هەڕەشەی تووشبوون بە نەخۆشیی "هێپاتیتـ"ـیان لەسەرە

18:19 - 4 گەلاوێژ 2720

بەهۆی پیسیی ئاوی خواردنەوەی ئەهواز ژمارەیەک لە خەڵکی ئەم شارە تووشی نەخۆشیی "هێپاتیت" بوونە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە بۆنی فازڵاوی لێ دێت و هەتا ئێستا چەند منداڵ بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن تووشی هێپاتیت بوونە.

پێشتر چەندین ئەندامی شورای شار و کاربەدەستانی تەندروستی لە خووزستان باسیان لەوە کردبوو کە ئاوی ئەو پارێزگایە خاوێن نییە و ئاشکرایان کردبوو کە خەڵک تووشی نەخۆشی بوونە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە پارێزگاری خووزستان وتبووی ئەم هەواڵە ڕاست نییه.

خەڵکی پارێزگای خووزستان لە بێ ئاوی وەزاڵە هاتوون و بێکیفایەتی و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم زیاتر بووەتە هۆی بێزاریی خەڵکی ئەو پارێزگایە.

پارێزگای خووزستان لە باشووری ئێران، یەکێک لە پارێزگا پەراوێزخراوەکان لەلایەن ڕێژیمە و بەردەوام کێشەی بێ ‌ئاوی لەو پارێزگایەدا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

دوای خۆپیشاندانی خەڵکی ئەهواز بەهۆی نەبوونی ئاو، کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران بەڵێنییان دا لە ماوەی ٤ ڕۆژدا ئاوی ئەو پارێزگایە دابین بکەن، بەڵام ئێستا خودی کاربەدەستانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە هەتا سی مانگی دیکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە چارەسەر ناکرێت.