کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قاسملوو؛ هێندەی دەیناسم، دەنووسم

17:31 - 20 گەلاوێژ 2720

مەلا بەختیار

سوپاس بۆ لێژنەی یوبێلی ئەڵماسی کە بۆ ٧٥ مین ساڵڕۆژی حیزبی دێموکرات، لە منیان ڕابینی، بەشدارییەکی بچوک لەم یادەدا بکەم. هەوڵیش بدەم، ڕۆڵی د.قاسملوو، هێندەی دەیناسم.

پێش هەموو باسێک ئومیدەوارم، ئەم  ساڵڕۆژی پیاهەڵدانی ئەڵماسی نەبێ، لە باسکردنی حیزبی دێموکرات و ڕابەرە هەڵکەوتووەکانی لەو مێژوویەدا، هەڵوێستەی هەڵسەنگاندن بێ بە لایەنە پۆزەتیڤ ونێگەتیڤەکانەوە!

خەسڵەتی گرنگ

گرنگترین خەسڵەتی دێموکرات، کە جیای دەکاتەوە لە زەمینەی دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە، هاوزا لە دایکبونێتی، لەگەڵ دامەزراندنی کۆمارە کۆرپەکەی کوردستان، کە بە کۆرپەیی، دۆشاودۆش لەبەر بەرژەوندی زلهێزەکان و کۆنەپەرستی ئەو سەردەمە، سەریان بڕی.

 لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، دەیان حیزب و گروپ و ڕێکخراوی سیاسی دامەزراون. زۆربەیان تیاچوون، ئێستا مەگەر توێژەران لە گۆشەی توێژینەوەدا، ئاماژەیەکی پێ بکەن. بەڵام کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حوکمڕانییەکەی شێخ مەحمودی حەفید، لە باشووری کوردستان، لە ویژدانی هاوبەشی نەتەوەی کورددا، زیندوو ماونەتەوە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە حەسرەتی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کەرامەتی نەتەوایەتی کورد و کوردستانە.. وەچە دوای وەچە ئەم حەسرەتە وەکوو هاوخەم و خەباتی نەتەوایەتی لە نێو نەوەکانماندا، بەشێکە لە کولتوری سیاسیمان .

حیزبی دێموکرات، لەو سۆنگەیەوە، ئۆرگانیک گرێدراوی کۆماری کوردستانە. کۆمار و دێموکراتیش، هەژمونیان لەسەر کێشەی نەتەوایەتیمان تا ئێستاش، بویسترێ و نەویسترێ، ماوە!

ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان، هاوکات لەناوچونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیستەکانی ئیسپانیا و یونان، لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ئۆرووپادا، یەکەمین خیانەتی ئینتەرناسیۆنالیستی شوڕەوی و ستالین بوو، دەرهەق بە مافە دێموکراسییەکان. بێگومان بڕیاری یەکەم و کۆتاییش هەر ستالینی دیکتاتۆر، داویەتی . جێی داخیشە ئەو خیانەتە، لەو سەروبەندەدا، نەک لەلایەن کۆمۆنیستەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، ڕەخنەی لێ نەگیرا، بەڵکوو بەپاساوی سەرکەوتنی لەشکری سووری شۆڕەوی، بەسەر نازیزمدا، کۆمۆنیستەکان، بە سەرمەستی سەرکەوتن، دۆخەکەیان هەڵسەنگاند و ستالینیشیان لەسەر بەرزترین لوتکەی سیاسەتی نێونەتەوەییدا، دانا.

هەمیشە سەرکەتن، لۆژیکی ڕەخنەی سیاسی لاواز دەکات. چاوپۆشین لە هەڵە و خیانەتیش،  دەبێتە بەشێکی سیاسەتی ئەو لایەنانەی لە ئایدیۆلۆژیەتدا دۆگمان.

پاشکۆیەتی!

ئەوەی مایەی سەرنجی بەندەیە ، تەنانەت حیزبە دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵات و باشوریش، هەر وەکوو کۆماریان نەڕوخێندرابێ ...دوای ئەو خیانەتە گەورەیە لە کورد و کۆماری کوردستان، بە شانوباڵی شۆڕەوی و ستالیندا، هەڵیان دەدا. بەڵکوو دێموکرات زیاتر لە سێ دەیە، لەلایەن هەندێک سەرکردەی دێموکراتەوە، کە لە تێکۆشاندا درێغییان نەبوو، بەڵام لە تێگەیشتنی سیاسی و ئایدێولۆژیدا، بەبێ بەرامبەر، دێموکراتیان کردبووە پاشکۆی حیزبی تودە کە ڕاستڕەوترین حیزبی کۆمۆنیستی ناوچەکە بوو!!

حیزبی تودە.. کە لە بزوتنەوەی موسەدیقەوە(١٩٥٣-١٩٤٩)ماهیەتی ڕاستڕەوێتی دەرکەوت و ماڵی خەباتی دێموکراسی و نیشتیمانی ئێرانی وێران کرد؛ هەم دژی بزووتنەوەی موسەدیق و هەم دژی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان  بوو. حیزبێک تا ئێستەش ئامادە نەبوو مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد بسەلمێنێ ،کەچی بەشێکی بەرچاوی سەرکردایەتی دێموکرات ، حیزبی دێموکراتیان کردبووە پاشکۆی خۆبەخشی تودە ! تەنانەت ،هەتا دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، گروهی (٧) نەفەری، لەو پاشکۆیەتییە دەستیان بەرنەدەبوو لێرەدا..

ڕۆڵی کاریزما

ئیتر ڕۆڵی سەرکردەی هەڵکەوتوو، دەردەکەوێ و ڕابەری بەتوانا و ڕابەری بێتوانا ، لەو بوارە سیاسییانەی قۆناغ کە دەپەڕنەوە، لێک جودا دەبنەوە!

د.قاسملوو، یەکێک لە بڕیارە مێژووییەکانی ئەوە بوو، بێ دوودڵی بەبێ ئەوەی گوێ بداتە تەواوی پڕوپاگەندەکانی پێشتر بۆ توودە و سەرووی توودەش، لێبڕاوانە ڕەگی گولیی ئایدیۆلۆژییەتی پاشکۆیەتی بۆ توودەی ناتودە، هەڵکێشا و هەڵکشا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دێموکرات؛ لە سەردەمێکیشدا هێشتا هەژمونگەری پرۆ شۆڕەوییەکان لە تەواوی جیهاندا لە جەنگی ساردیشدا بەهێز بوو؛ بەڕای من قۆناغی وەرچەرخانی سیاسی - ئایدیۆلۆژی حیزبی دێموکرات، لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە د.قاسملوو، دێموکراتی ڕاچڵەکاند و لەسەر پایەکانی سەربەخۆیی، دایمەزراندەوە.

شەوارەی تیۆری

زۆرجار، ئەوانەی بە شەوارەی تیۆری کەوتوون، لەو ڕاستییە تێناگەن کە کاریزما،چ کاریگەرییەکی چارەنووسسازی لە نێو ڕووداوەکاندا هەیە. هەمیشەش کاریزما، ڕابەرێکە نەک ڕابەرایتی بەکۆمەڵ.

هەڵبەتە لە دوائاکامدا رابەری کاریزما دەبێ لە ڕێگەی ڕابەڕایەتییەوە بێ؛ ڕابەڕێتی کارامەی خۆی بسەلمێنێ و بەرنامەکانی سەر بخات. ئەگەر وا نەکات بە چەمکە زانستییەکەی نابێتە کاریزما..بەڵکوو دەبێتە ملهۆڕ!

لەدوای شەهید پێشەواوە، دێموکرات لە سەردەمی د.قاسملوو کرایەوە ئەو حیزبە دێموکراتەی لە نێوهاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و کوردستاندا، بەڵکوو لە سەرئاستی نێونەتەوەیی-سۆسیال-دێموکراتیشدا، فرەڕەهەند کاریگەر بێ. پێشتر لە ناو بازنەیەکی داخراودا، دێموکرات گیری حیزبایەتی  لە دۆخی نالەباری پەنجاکان هەتا حەفتاکان خواردبوو بەڵام بەو حاڵەش، لەو دۆخەدا، لەنێوان بەرداشی فشاری (ئێران_شۆڕشی ئەیلول_حکومەتە دژەدێموکراسییەکانی عێراق)دا لە کاتێکدا ئاسان نەبوو کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکە و سکرتێرەکەی دانیشتنێکی ئاسایی بێ ئاستەنگ بکەن، پاراستنی دێموکرات خۆی لە خۆیدا بایەخ و بەهای مێژوویی هەیە. مایەی ئەو بەها و نرخە بوو، دێموکرات ئامادە بوو لە دۆخی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا وەکوو یەکێک لە حیزبە سیاسییە ڕەسەن وئازادیخوازەکان ، دابەزییە مەیدان.

لە ژێرزەمینەوە بۆ سەرزەمین

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران(١٩٧٩_١٩٧٨) دوو ڕووداوی گەورەی مێژوویی خوڵقاند:

یەکەمیان : ڕوخانی ڕێژیم و سیستمی سەڵتەنەتی بوو

دووەمیشیان: سەرکەوتنی تەوژمی ئیسلامی –شیعەگەرایە.

یەکەمیان ..نەک پێشبینیکراو بوو بەڵکوو ئامانجی سەرەکی لایەنە سیاسیەکانیش بوو، هاتیشەدی.

دووەمیشیان.. نەک پێشبینیکراو نەبوو، بەڵکوو پێچەوانەی ئامانجی تەواوی چەپ و دێموکراتەکانی ئێران وکوردستانیش بوو؛ئەمیش هاتەدی.

ئەمەیە، دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو تەواوی کیشوەری ئاسیاش زۆرجار ئامانجە چاوەڕواننەکراوەکان هاتوونەتە دی.. بەپێچەوانەوە ئامانجە خەبات لە پێناوداکراوەکان نەهاتونەتە دی!

ئەگەر مێژووی خەبات و ئەرشیفی ئەدەبیاتی سیاسی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی ئێران لەدوای بزووتنەوەی مەشروتەوە، بۆ بزوتنەوەی موسەدیق، هەتا  سەرەتاکانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ،لێکبدرێنەوە،دەردەکەوێ کە تەواوی حیزبە چەپ – دێموکرات -نێشتیمانپەروەر٠ناسیونالیست و پان ئێرانیش لەهاتنە سەر کاری ئەلتەرناتیڤی شادا بەهەڵەدا چووبوون نە  دێموکراتەکانی ئێران نە لیبڕڵەکان، نەناسیونالیست و چەپەکان، هیچیان نەهاتنە سەرکار تەنانەت لە هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمان. سەرۆکایەتی ئێران و پەسەندکردنی دەستوری ویلایەتی فەقیهیشدا، کاریگەری ئەوتۆیان نەبوو.

تێزە سیاسیەکانی قاسملوو

لەم دەورانەدا،کە ئەدەبیاتی دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەخوێنمەوە، لەناو جەنجاڵی ئەو دۆخەدا، لە گەرمەی خرۆشانی هەست و هەڵوێستی خەفەکراوەکاندا..تێزە سیاسیەکانی د.قاسملوو، بە ڕیالیستی دەبێنم  تەرحەکانی بۆ چارەسەری سیاسی، لۆژیکی و ئەقڵانی بوون بەڵام بەداخەوە بزوتنەوەی بەرینی خۆرسکی خەڵک و ئامانجی سەرووی تواناکان ئەوکاتە بەسەر شەقامی سیاسیدا زاڵبووە.

کە دەخونمەوە د.قاسملوو نامە بۆ ئیمام خومەینی بە ناوی "حەزرەتی ئیمام" دەنوسێ، ئەمە لای من ئازایەتی ئەقڵانیەتی سیاسی د.قاسملوو بووە، کە لە ناو وروژان و خرۆشانی خەڵكدا لەبەردەم لافاوی دروشمبازیدا بوێرانە نامەیەکی ئاوەها دەنوسێ وداکۆکی لە مافی خودموختاری  ریالیستی دەکات ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە لە ڕەگەزە هەستیارەکانی دۆخەکەو قۆناغەکەو ئەرکە سیاسیەکە، تێگەیشتبوو بۆیە:

_  پێموایە دووساڵی دوای ڕووخاندنی شا، هێشتا لە هەموو بارێکەوە لێکنەدراوەتەوە.

_  جارێ قوڵتر نەزانراوە ئایا سیاسەتی کوردایەتی چەکدارانە ڕاست بوو یان نا؟

_ ئایا شەڕی سەنگەربەندی ناو شاری سنە ڕاست بوو؟ یان ڕێپێوانی هێمنانەی خەڵکی سنە بۆ مەریوان ؟

_ ئاخۆ ساڵەهای دیکە بەبەرەوە نەمابوو دۆخی دانوستان و خەباتی مەدەنی لەگەڵ کۆماری ئێسلامی ئێران بەردەوام بێ؟

 _لەدوای ڕوخاندنی کۆماری مەهابادەوە (٣٢) ساڵی ڕەبەق دێموکرات پشووی درێژ بوو خەباتی چەکداری نەکرد (جگە بزوتنەوەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی دێموکرات ) ئەی بۆ لە دوای ڕووخاندنی شادا تەنها دوو ساڵ خۆی گرت وخەباتی چەکداری دەستپێکرد؟

ڕوانگەی دوور لە گۆشەگیری

ئەو پرسیارگەلە دەبێ دوور لە ڕوانگەی گۆشەگیری حیزبایەتیەوە وەڵام بدرێنەوە.

ئێستا، کە (٧٥) ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا تێدەپەڕێ، دەرکەوتووە کە کۆماری ئێسلامی ئێران، نە بە خەباتی چەکداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچار کراوە داخوازیە دێموکراسیەکانی گەلانی ئێران جێبەجێ بکات، نە جەنگی(٨)ساڵەی عێراقیش دژی ئێران، حکومەتی شیعەی ئێرانی ڕوخاند. ئەوەتانێ ساڵەهای گەمارۆ سەپێنراوەکانیش دژی ئێران، ئێرانی وەکو دۆخی گەمارۆدانی عێراقی سەردەمی سەدامیش لێنەکردوە. وای دەبینم ئێران کەوتۆتە بەردەم دوڕیانێک :

_  یان .. گۆڕینی حکومەتی ئێستای ئێرانە؟

_  یاخود..چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردو گەلانی دیکەشە.

ئەگەر بەهەڵەنەچوبم، سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ئێرانی وادەخوێنمەوە سازشێکی نێودەوڵەتی– ئیقلیمی بەڕێوەیە، بۆ ڕێکەوتنێکی ستراتیژی نوێچەشن. جەخت دەکەمەوە ئەگەر بەڵێ -ئەگەر! - پڕۆژەیەکی وابێتە پێشەوە (وەکو ئێستای سوریا - ڕۆژئاوای کوردستان)هەقوایە هێزە سیاسیە کوردستانیەکان دەستخەڕۆی دروشمی دوورکوژە نەبن بە پڕۆژەیەکی ڕیالیستی خۆیان بۆ ئەگەرێکی ئاوها ئامادە بکەن بەرپرسیارێتیەکە پێکەوە بخەنە ئەستۆ!

من دڵنیام د.قاسملوو بمابا هەمو توانای خۆی بۆ پڕۆژەیەکی ئاوهای هاوبەش، بۆ چارەسەری ئاشتییانە دەخستەگەڕ.

پیرۆزتان بێت ساڵڕۆژە ئەڵماسیەکەتان بەهیوام لەم ساڵڕۆژەدا هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە، بۆ خەبات و فۆرمیلاکردنی سیاسەتی حیزبی دێموکرات، لەبەر ڕۆشنایی ئەزمونی(٧٥) ساڵەتان بەڕەخنە لەخۆگرتنیشەوە، بکەنە خەڵات و بەراتی یادەکە.

٧\٧\٢٠٢٠

مێرگەپان