کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بێ وێنەی نرخی جیهانیی نەوت لە دوو حەوتووی ڕابردوودا

11:46 - 29 رەشەمه 2719

بە دابەزینی نرخی نەوت بۆ سێهەمین جار لە دوو حەوتووی ڕابردوو، نرخی نەوتی برێنتی دەریای شوماڵ گەیشتە نزیکەی ٢٤ دۆلار و نرخی نەوتی تێگزاس هەر برمیلێکی گەیشتە ٢٠ دۆلار.

نرخی نەوتی وێست تیگزاس کە یەکێک لە پێوەرەکانی جیهانیی نرخی نەوتە، ڕۆژی چوارشممە ٢٨ی ڕەشەمە ٢٣ لەسەد دابەزی و گەیشتە ٢٠ دۆلار کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ بە کەمترین نرخ دێتە ئەژمار.

هەروەها نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنت ١٤ لەسەد دابەزی و گەیشتە نزیکەی ٢٤ دۆلار کە دوای ١٧ ساڵ گەیشتە کەمترین نرخی خۆی.

نرخی جیهانیی نەوت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ نزیک ٦٧ دۆلار بوو، بە پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوتی دابەزینی بە خۆیەوە گرت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی "فاین نشناڵ تایمز"، دابەزینی بەرچاوی داخوازیی نەوت و هەروەها ڕێکنەکەوتنی ڕووسیە و عەرەبستان بووەتە هۆی ئەوەی کە نرخی نەوت کەمتر لە دوو حەوتوو زیاتر لە ٥٠ لەسەد دابەزێت.

هاوکات نەوتی ئێران گەیشتووەتە ١٧ دۆلار، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا و لیستی ڕەشی FATF  هیچ مامەڵەیەکی فەرمی لە جیهان بە نەوتی ئێرانەوە ناکرێت.