کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ژێر ٣٠٠ هەزار بەرمیل

12:29 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران به هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە، بۆ کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە زانیارییەکان لەسەر نەوتکێشەکان و هەروەها سەرچاوەکان لەنێو بازاڕەکانی جیهانی نەوتدا، نیشان دەدەن کە لە ٣ حەوتووی یەکەمی مانگی ژووئەندا، هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ ژێر٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی شیرکەتی ''کێپلێر'' کە شیرکەتێکی شوێنهەڵگری نەوتکێشەکانە، ڕێژەی بارگیریی نەوتی ئێران لە نیوەی دووهەمی مانگی جۆزەرداندا، ٦٤٥ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ٨٢ لەسەدی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە لە کەناری کەنداودا پاشەکەوت کراوە، ڕەوانەی بازارەکان ناکرێت؛ بەم پێیە ڕیژەی هەناردەکرنی نەوتی ئێران کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلە.

هاوکات، "بیژەن زەنگەنە"، وەزیری نەوتی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس، لە وڵامی پرسیارێکدا کە لە ئێستادا چەندە لە نەوتی ئێران بە فرۆش دەگات، وتوویەتی: ''من ژمارە ناڵێم، چونکە بە زیانی ئێمەیە''.

دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە حاڵێکدایە کە بودجەی ئەمساڵی ڕێژیم، لەسەر هەناردەکردنی ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا دارێژراوە.

گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەنگی بەو ڕێژیمە هەڵچنیوە و ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی بردووە.