کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی پشکی گازۆئیل، شۆفیری کامیۆنەکانی نیگەران کردووە

12:48 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دابەزینی پشکی گازۆئیلی کامیۆنەکان لە ئەمساڵدا، بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی کامیۆندارەکان.

ڕێژەیەکی زۆر لە گواستنەوەی بار لە ئێراندا لە ڕێگای کامیۆنەکانەوە جیبەجێ دەبێت، کە دروستبوونی کێشە بۆ ئەو بەشە، دەبێتە هۆی سەقەتبوونی بەشی گواستنەوە و "حەمڵ ونەقڵ" لەو وڵاتەدا.

کەمبوونەوە و دابەزینی پشکی گازۆئیلی کامیۆنەکان لە ئەمساڵدا لە ئێران، بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە لای کامیۆندارەکان و دۆشداماوییان بەرانبەر بە دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ گواستنەوەی بار.

ئەندامی هەیئەتی ڕێگاوبان و گواستنەوە، "فەرامەرز مەداح"، باسی لەوە کردووە کە هەوڵ دەدەین تا گەڵاوێژی ئەمساڵ، مژاری پشکی پایەی گازۆئیلی کامیۆنەکان کۆنترۆڵ بکەین و کەمی بکەینەوە.

"مەداح"، هەروەها باسی لە کەمترکردنەوەی پشکی سوتەمەنیی ئەو کامیۆنانە کرد کە کەمتر چالاکن.

کەمکردنەوە و جیرەبەندیی سووتەمەنییەکان بەهۆی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کێشەی دابینکردنی سوتەمەنیی بۆ بارهەڵگرەکان دروست کردووە.

ئەم دابەزینی پشکە، دەبێتە هۆی بێکاریی ڕێژەیەکی زۆر لە کامیۆندارەکان، بە شێوەیەک کە کەمکردنەوەی گازۆئیل و هاوکاتیش گرانبوونی سووتەمەنی و نەبوونی دراوی پێویست لە دەستی خەڵکدا، دەبنە هۆکاری بێدەسەڵاتیی کامیۆنداران لە ئاستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کامیۆنەکانیان.