کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینێکی نالەبار

00:05 - 4 گەلاوێژ 2722

ئاسۆ مینبەری

لەو کاتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاتووەتە سەر کار و بڕیار بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک دەدات، هەندێک ناوەند یان باشترە بڵێین دامودەزگای تایبەت لەم ڕێژیمەدا دامەزران یان پەرە بە کارەکانیان درا کە بتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لە سەر خەڵک و شێوەژیانی خەڵک هەبێت. یەکێک لەم ناوەندانە، دەنگوڕەنگی ڕێژیمە کە ٤٣ ساڵە بەردەوام بە بەرهەمهێنانی بەرنامە، فیلم، ئەنیمەیشن و کۆمەڵێک بەرهەمی دیکە بیرۆکەی "ئێرانیبوون" و "یەک فەرهەنگ ـ یەک نەتەوە" لە قاڵبی بەرهەمەکانی خۆیدا دەخاتە مێشکی بینەرەوە.

هەر لەم ڕاستایەدا بوو کە جۆرە جیاوازەکانی کاناڵە تلویزیۆنییەکان دامەزران، لە کاناڵە سەرتاسەرییەکانەوە بگرە، هەتا کاناڵی تایبەت بە دەرەوەی سنوورەکانی جوگرافیای بەناو ئێران و دواتریش کە لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕێژیم و بۆ پەرەدان بە سیاسەت و بەرنامە و پلانەکانیان، کاناڵی تایبەت بە هەموو پارێزگاکانیشیان دامەزراند و بە بەرنامە و نەخشەڕێگای دیاریکراوی ئامانجدار هاتنە نێو چوارچێوەی هەموو ماڵەکانەوە.

ئەم کەتوارە گرینگە کە بزانین ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لە دامەزراندنی ئەم هەموو کاناڵە کە ڕێژەکەیان زیاتر لە ٧٠ کاناڵە، بۆچی بووە؟

ڕاگەیاندن و میدیا لە دنیای ئەمڕۆدا ڕۆڵێکی گرینگیان لە گەیاندنی پەیامە جۆراوجۆرەکان بە بەردەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا کە کەڵکوەرگرتن لە سوشیالمیدیا وەکوو ئێستا باو نەبوو، لە هەموو ماڵێکدا تلویزیۆنێک بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەروەها پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان و سەرقاڵبوون هەبوو کە بێگومان کاریگەرییەکانیشی لایەنی باش و خراپی هەبووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە هاتنەسەرکارییەوە، تاکوو ئەمڕۆ هەوڵی داوە کە زیاترین کەڵک لەم بەشە وەربگرێت، بە بەرهەمهێنانی بەرنامەگەلی تایبەت بە توێژە جیاوازەکانی وەکوو منداڵان، وەرزشوانان، مێرمنداڵان، قوتابییان و گەورەساڵان گرینگترین هەوڵی ئەوە بووە کە بتوانێ ئەو کاریگەرییەی کە خۆی دەیهەوێ لە سەر کۆمەڵگا و توێژە جیاوازەکان و بەتایبەتیش نەسڵی نوێی هەبێ.

ئەگەر بمانهەوێ واقعبینانە چاو لە بابەتەکە بکەین دەبینین کە لە ساڵانی پێشووتردا، بەداخەوە ڕێژیم تا ڕادەیەکی باش توانیبووی بە ئامانجەکەی خۆی بگات، واتە توانیبووی بە بەرنامەگەلی جۆراوجۆر خەڵک لە دەوری وێژمانی دیاریکراوی خۆی کۆ بکاتەوە، هەڵبەت بەشێک لەم کۆکردنەوەیە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بەرنامەگەلێکەوە بوو کە لە قاڵبی سەرگەرمی و بۆ کات بە سەربردن بەرهەم هێنرابوون بەڵام بەم حاڵەشەوە کاریگەریی خۆیان هەر هەبوو.

ئەوەی کە زیاتر بەرچاو بوو دامەزرانی کاناڵی تایبەت بە پارێزگاکان بوو کە تێیاندا هەندێ سنوور و هێڵی سووری ڕێژیم شکابوون یان باشترە بڵێین هەندێ چراسەوزیان پێ نیشان درابوو تاکوو هەم باشتر بینەر کۆبکەنەوە و هەم پەیامێکیش بە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بگەیەنن کە ئەوەتا لەم وڵاتەدا هەموو چەشنە ئازادییەک هەیە! نموونەی هەرەبەرچاویشی کەڵکوەرگرتن لە ئامێرەکانی مۆسیقا و مۆسیقای زیندوو لە کاناڵی تایبەت بە پارێزگای سنە بوو کە ئەمە ڕێک بە پێچەوانەی سیاسەتی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بوو، بەڵام بەهۆی هەستیاربوونی ئەم پارێزگایە و ڕوانینی تایبەتی ڕێژیم بۆ ئەم پارێزگایە و خەڵکەکەی کە بێگومان بزووتنەوەی سیاسیی حاکم بەسەر ئەم پارێزگایەش لەم ڕاستایەدا کاریگەریی خۆی هەبووە، هاتە ئاراوە.

چەند ساڵێکە کە بینەرانی تلویزیۆنی ڕێژیم بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیون، جیا لەوەی کە بەشێکی بۆ درۆ و ساختەکارییەکانی ڕێژیم لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی بەرنامەکاندا دەگەڕێتەوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەو ئەپانە کە بۆ نمایشی خانگی کەڵکیان لێوەردەگیرێ کە بێگومان لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمتربوونی ڕێژەی سانسۆر و کراوەبوونی بابەتەکانیان بەنیسبەت دەنگوڕەنگی فەرمیی ڕێژیم، باشتر توانیان بەردەنگ لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە کە نموونەکەی ئەپلیکەیشنی فیلیمۆیە!

لە ماوەکانی ڕابردوودا کار و چالاکیی ئەپەکانی "فیلیمۆ و نەماوا" کە هەردووکیان ئەپی نێوخۆیین ڕاگیرا، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە لە بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی "فیلم و تەبلیغات" لە دونیای خوازەکیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو کار و چالاکییان هەیە و خاوەنی بەردەنگێکی زۆرن و ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە وەک ڕکابەرێکی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە ئەژمار بێن.

بەڵام بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە خودی ڕێژیمیش دانی بەوەدا ناوە کە تووشی دابەزینی ڕێژەی بینەر بووە!

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگیی ڕێژیم لە ڕاپرسییەکدا بۆی دەرکەوتووە کە پڕبینەرترین بەرنامەی ئێستای، ١٥.٤ لەسەد بینەری هەیە! کە ڕەنگە ئەم ئامارەش چەواشەکاریی تێدا بێت و ئامارێکی ڕاستەقینە نەبێت، بەڵام خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەگەر زنجیرەفیلمێک ڕێژەی بینەرەکانی ئەوەندە بێت، ئەی دەبێ ڕێژەی بینەرانی هەواڵ لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا چەندە بێ؟

لە ساڵانی ڕابردوودا، دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە هەزاران هەواڵی درۆ و پڕ لە چەواشەکاریی بڵاو کردووەتەوە کە بێگومان هەبوونی کاناڵەکانی دیکە لە دەرەوەی سنوورەکان و هەروەها سوشیالمیدیا لە بەدرۆخستنەوەی ئەم هەواڵانەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە هەر بۆیە ئەمە هۆکارێکی گرینگ و بەرچاو لە نەمانی ڕەوایی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە نێو جۆگرافیا دەسکردەکەی خۆیدایە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە خەڵکانی ئێران هیچ متمانەیەکیان بە دەنگوڕەنگی ڕێژیم نەماوە، تەنانەت وەکوو کاناڵێکی سەرگەرمیش چاوی لێ ناکەن و هەر ئەمە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ڕێژیم بە سڕینەوە و قەدەغەکردنی ئەپلیکەیشنەکانی دیکە و هەروەها بەرنامەداڕشتن بۆ کەڵکوەرگرتن لە سوشیالمیدیا و سنووردارکردنەوەی چالاکیی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بتوانێ پەرە بە سیاسەتەکانی خۆی بدات کە بێگومان پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە پێویستی بە ئاگایی و تێگەیشتن هەیە.