کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی لە سەدا ١٨ی کارگە و کەرتە پیشەییەکانی ئیران

22:16 - 15 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لەسەدا ١٨ی کەرتە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکانی ئێران بە هۆی نەبوونی بوودجە و گەمارۆ ئابوورییە سەر ناوەندەکانی رێژیمی ئێران چالاکییەکانیان راوەستاوە و بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان، بەشێکی بەرچاو لەکەرتە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لەئێران بە هۆی نەبوونی توانای ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری، داخراون و ژمارەیەکی زۆریش لەکرێکارانی ئەم کەرتە بەرهەمهێنەرانە چەندین مانگە حەقدەستییان وەرنەگرتووە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی صنایع و معادنی مەجلیسی رێژیمی ئێران رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاندووە، لە سەدا ١٨ی کەرتە پیشەییە بچووکەکان بە تەواوەتی داخراون و لە سەدا ٣٦ی ئەو ناوەندە پیشەییانەش کەوتوونەتە حالەتی نیوە چالاکەوە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم باسی لە هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە کردووە و وتوویەتی: داخرانی کەرتە پیشەییەکان بە هۆی نەبوونی بوودجەی پێویست و کێشەی ماڵییەوە روویان داوە.

لەلایەکی دیکەوە جێگری وەزیری سەنعەت، و بازرگانی لەدەوڵەتی حەسەن رۆحانی رایگەیاندبوو لەماوەی ساڵی ١٣٨٥ هەتا ١٣٩١ی هەتاوی، پێنج هەزار و ٤٠٠ ناوەند وکەرتی بەرهەمهێنەر لە ئێران بەرەورووی داخران بوونەتەوە.

ماوەیەک لەمەوبەریش پەیمان ئەسراری، بەرپرسی رێکخراوە پیشەییەکانی پارێزگای سنە باسی لەوە کردبوو کە لەکۆی گشتیی ٩٦٠ کەرت و ناوەندی پیشەیی، ٢٦٠دانەیان داخراون و ژمارەیەکی دیکەش بە شیوەی نیوە چالاک کار دەکەن.

هەر لەو پیوەندییەدا مەنسوور خاکسار لێپرسراوی ژووری مەعدەن و تجارەتی پارێزگای سنە رایگەیاندبوو، لەسەدا ٦٠‌ی کەرتە پێشییەکانی سنە چالاکیان نەماوە و ٤٠%ی دیکەش بەشێوەی پێویست و وەکوو پێشوو ناتوانن کاری بەرهەمهێنان بکەن.

لەحاڵی حازردا رێژەی کەرتە پێشەییە نێوە چالاکەکانی پارێزگای سنە لە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە زیاترە.

ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوازێک پشتگیری ئەو کەرتە پیشەیی‌یانەیان نەکردووە و لە ئەنجامدا داخرانی ئەو شوێنانەی لێ‌کەوتۆتەوە.