کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی کارخانەکانی لوڕستان، ٣ هەزار کەسی بێکار کردووە

17:58 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی داخرانی کارخانە گرنگەکانی پارێزگای لوڕستان، ٣ هەزار کەس بێکار بوونە کە زۆرینەیان بیمەی بێکارییان نییە.

داخران و نیوەداخرانی کارخانە گەورەکانی پارێزگای لوڕستان، لەوانە کارخانەکانی: "فوولادی لوڕستان، سامان‌کاشیی بروجێرد و ماشینسازیی لوڕستان و هتد"، بێکاریی ٣ هەزار کەسی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٩٧دا، بێکاری لە لوڕستاندا ١٣.٥ لەسەد بووە، لە حاڵێکدا لە ڕێژەی نێونجی بێکاریی وڵات کە ١٢ لەسەد بووە، بەرزترە. هەروەها ئەم ئامارە وەکوو ئامارەکانی دیکەی ڕێژیم جێگای متمانە نییە و ئاستی بێکاری زۆر لەمە بەرزترە.

سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و تەحریمە دەرەکییەکان، هۆکاری سەرەکیی داخرانی ئەم کارخانانەیە لە لوڕستان و پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا، کە بووەتە هۆی بێکاریی چینی کەمدەسەڵاتی کۆمەڵگا.

لە دوای داخرانی کارخانەکانی لوڕستان، ڕێژەی بێکاری بەرز بووەتەوە و زۆربەی ئەو کەسانەش کە بێکار بوونە، بیمەی بێکارییان نییە و لەژێر گوشاری ئابووریدا دەژین. ئەو کەسانەش کە لەسەر کاردان، بۆ چەندین مانگ مووچەکانیان دوا دەخرێت.