کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی ٨٠٠ کۆمپانیای پەیمانکاری نەوت لە ماوەی یەک ساڵدا

12:09 - 15 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ژووری بازرگانی تاران هەواڵی داخران و مایەپووچ بوونی ٨٠٠  کۆمپانیای پەیمانکاریی نەوتی لە ساڵی ٩٦ی هەتاویی ڕاگەیاند.

مەسعوود خانساری، بەرپرسی ژووری بازرگانی تاران، لە کۆنفرانسی( حوکمڕانی و سیاسەتدانانی گشتی) وتوویەتی: "ساڵی ڕابردوو لە کۆی ١٥٠٠ کۆمپانیای پەیمانکاری نەوت، ٨٠٠ کۆمپانیا داخران"، هەروەها وێڕای ئاماژە کردن بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران ڕایگەیاند " ١٠ تا ٥٠ کۆمپانیای گەورە لە ماوەی یەک حەوتوودا لە ئێران دادەخرێن و ڕۆژ نییە کە سەدان کرێکار بێکار نەبن".

خانساری لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕێژیم لەهەمبەر پەسەندکردنی گەڵاڵەی FATF  وتوویەتی:" ماوەی دوو ساڵە کە قسە لە سەر FATF  دەکەین، لە کۆتاییدا دەچینە  ژێربار بەڵام ئەوکات هەموو شتێکمان لە دەست داوە.

 لە ئێستادا دوو گەڵاڵە لە چوار گەڵاڵەی پەیوەندیدار لەگەڵ FATF بەمەبەستی تاوتوێ کردن لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمدایە بەڵام بەرەوڕووی دژایەتییە بەربڵاوە سیاسییەکان بووەتەوە.

 مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە بوودجەی ساڵی ٩٨دا ئیزنی داوە بە دەوڵەت کە بڕی ٢٠ هەزار میلیارد تمەن لە قەرزەکانی خۆی لە شوێنی ئەسپاردنی نەوتی خاو قەرەبوو بکاتەوە، بەپێی ئەم گەڵاڵەیە بڕیار وایە کە ئەو پەیمانکارانە کە دەوڵەت قەرزداریانە، نەوت لە ڕێگەی بوورسی وزەی نەوتی تاران وەربگرن و خۆیان بیفرۆشن.

بەرپرسانی ڕێژیم زۆربەی زۆری کێشە ئابوورییەکان بۆ گەمارۆکانی ئامریکا و کەمبوونەوەی فرۆشی نەوت دەگەڕێننەوە.