کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی لاپەڕە ئێرانییەکان لە لایەن تویتێرەوە بەردەوامە

18:12 - 29 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی ناساندن و داخستنی لاپەڕە ئێرانییەکان لە لایەن تویتێرەوە، کە هەوڵی دژبەرانەی سایبێری دەدەن، بۆ جارێکی دیکە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، چەندین لاپەڕەی فارسیی ڕێژیمی داخست.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاو کراوەتەوە، لە هەوڵێکی دیکەدا، تۆڕی کۆمەلایەتیی تویتێر، چەندین لاپەڕەی کەسانی حەقیقی و حقوقی و هەروەها لاپەڕەی کەسیی سێ هەواڵنێری هەواڵدەرییەکانی "ئیرنا"، "باشگای خەبەرنگاران" و "مێهر"ی هەڵپەساردووە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕەوتە هەروا بەردەوام دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، هەزاران لاپەڕەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی سڕیبووەوە و لە بەڵگە گشتییەکاندا کە ساڵی ڕابردوو دامەزراوە، ئارشیڤی کردووە.

 تویتێر، تا ئێستا زۆرێک لە لاپەڕەکانی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی، کە لە ڕاستای چالاکیی سایبێریی ڕێژیمی ئێراندا کاریان دەکرد، سڕیوەتەوە و ئەم ڕەوتە هەروا بەردەوامە و ڕۆژانە هەواڵی داخستنی لاپەڕە ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان، بڵاو دەبێتەوە.